باندێکی نێودەوڵەتی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کران
زێدپرێس
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم ٦ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕای گەیاند، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش، تیمی لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی بەڕێوەبەرایتییەکەیان بەهاوکاری دژەتیرۆری کوردستان، لە ڕێککەوتی ١ی ئابی ٢٠٢٣، توانیویانە سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، کە ئەم سێ تۆمەتبارە، ئەندامی باندێکی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەرن و زانیاری تەواویان لەسەر چەند کۆگایەکی ماددەی هۆشبەر هەیە لە ناو عێراق و هەرێمی کوردستان دا.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، دوای هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، دواتر ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و دژەتیرۆری کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرکانی حکوومەتی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک پێهێنراوە و توانراوە لە پارێزگای دهۆک سێ گەورە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیربکرێن و لەگەڵیشیان دەستبەسەر بڕی (٢٣٦) کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و (٣٥) کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری ئەفیوندا بگیرێت.
هاوکات لە ناوچەی ڕەبیعە و پارێزگای ڕومادی بەهەمان شێوە، شەش بازرگان دەستگیرکراون و لەگەڵیشیان دەستبەسەر بڕی (٢١٦) کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و (١٥) کیۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ئەفیوندا گیراوە.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، “سەرچاوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئەم تۆڕە مەترسیدارە نێودەوڵەتییە، لە وڵاتانی دراوسێ بووە بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەوێشەوە بە ئاڕاستەی وڵاتانی کەنداو ڕۆیشتووە”.
ئەو ڕاگەیەنراوەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لەکاتێکدایە، کە ڕێککەوتی پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، دەستگیرکردنی گەورەترین باندی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی لە شاری دهۆک ڕاگەیاندبوو، بەڵام بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق. پڕۆسەی دەستگیرکردنە دوا بەدوای بڕیارێکی دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ دێت لە ٣ی ئابی ٢٠٢٣دا.
بەگوێرەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هێزێک لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بە سەرپەرشتی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە پارێزگای دهۆک و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەولێر و لە چالاکییەکی باڵای ئەمنیدا، بازرگانەکانیان دەستگیر کردووە.