هه‌واڵ

ئەفسەرەکەی وەزارەتی پێشمەرگە نەکوژراوە و خۆی کوشتووە

زێدپرێس

پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕای دەگەیەنێت، ئەفسەرەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، کە دوێنێ یەکشەم هەواڵی کوژرانی بڵاوکرایەوە، نەکوژراوە، بەڵکوو لە ژێر کاریگەری خواردنەوە کحوولییەکاندا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە و بە کلاشینکۆفەکەی خۆی، گولەی لە قاچی چەپی خۆی داوە و تووشی خوێنبەربوون بووە و گیانی لەدەستداوە.

ئەمڕۆ دووشەم ٧ی ئابی ٢٠٢٣، پۆلیسی هەولێر، لە زاری سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێرەوە، ڕای گەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی و بەدواداچوونی ورد لەڕێگەی کامێراکانی چاودێری و پاڵپشت بە ڕاپۆرتی پزیشکی دادی و بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان، بۆیان دەرکەوتووە، موقەدەم فواد زرار بەرپرس لە یەکەی هەشتای وەزارەتی پێشمەرگە، پێش ڕووداوەکە، لە یەکێک لە یانەکانی مەیخواردنەوە بووە و دواتر لە شەقامی ١٢٠ مەتری جارێک دەوەستێت و پاشان بەخێراییەکی زۆر دەڕوات و خۆی دەکێشێت بە شۆستەی شەقام و بە بارهەڵگرێک دەکەوێت.

سەرچاوەکەی پۆلیس ڕوونی دەکاتەوە، ئەفسەرەکە لەژێر کاریگەری خواردنەوە کحوولییەکاندا بووە و بە چەکی خۆی لە جۆری کلاشینکۆف گولەیەکی لە قاچی چەپی خۆی داوە و بەڵگەکانی تاوان و پزیشکی دادی پشتڕاستی دەکەنەوە، کە ئاڕاستەی گولەکە لە ناوەوە بۆ دەرەوە بووە و قەوانێکی بەتاڵی کلاشینکۆفیش لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزراوەتەوە.

هەر بەپێی پۆلیسی هەولێر، ئەفسەرەکە تووشی خوێنەربوون بووە و هەر لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی گیانی لە دەستداوە.

موقەدەم فواد زرار محەمەد، ئامر سریەی فەوجی ٢ی لیوای ١٨ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بوو. ئەو هەروەها، لە پەیمانگایەکی ناحکومیدا، لە قۆناغی سێیەمی بەشی کارگێڕی دەیخوێند.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...