هه‌واڵ

دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لەسەر سکاڵاکەی مەسرور بارزانی دا

زێدپرێس

ئەمڕۆ دووشەم ٧ی ئابی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایەی لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە و بە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پێوەست بە یاسای بودجەی عێراق تۆمارکرا بوو، بریاری خۆی دەرکرد.

بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی، بڕگەی یەکەم لە مادەی ١١ی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ -٢٠٢٥ ڕەت دەکرێتەوە کە ئاماژە بە ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەکات، پێوەست بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بە هەمان شێوە بڕگەی حەوتەم لە مادەی ١٣ی یاسای بودجەی عێراقیش ڕەت کرایەوە.

بەو پێیەش، ئیتر، ناردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق کە نفقاتی حاکیمە دەگرێتەوە، پێویستی بە ڕەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق نییە،

بڕگەی حەوتەم لە مادەی ١٣ی یاسای بودجەی عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە لە ئەگەری نەبوونی چارەسەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیار دەدات، بەو مانایەی لە حالەتی ئەوەی کە حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق بە چارەسەری ناکۆکییەک نەگەن، ئەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری لەسەر دەدات، ئەو بڕگەیەش، بە هەمان شێوەی بڕگەی یەکەم لە مادەی ١١ لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە ڕەت کرایەوە و بە نادەستووری لە قەڵەم درا.

هەردوو ئەو بڕگانەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە بە نادەستووری لەقەڵەمدران، زۆرترین نیگەرانی لایەنی کوردستانیان لێکەوتەوە لە پەسندکردنی یاسای بودجەی دەوڵەتی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥.

لەگەڵ ئەوەشدا، دادگای فیدڕاڵی عێراق، بەشێکی دیکە لە سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی ڕەت کردەوە، پێوەست بە نادەستوورییبوونی چەند بڕگەیەکی دیکە لە مادەکانی یاسای بودجەدا،

لەناویاندا تانەی نادەستوورییبوونی مادەکانی (٢/یەکەم/٥/ب)، (١١/دووەم)، (١٢/دووەم/ئە، ب، ج، د، ه) و (١٣/هەشتەم/ب) لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە ڕەت کرانەوە.

ئەو بڕگە و مادانەیش لە یاسای بودجەدا، پێوەستن بە ڕادەستکردنی نەوت و داهات و لە هەمانکاتدا، پرسی ڕەوانەکردنی ڕاستەوخۆی بەشە بۆ پارێزگای ناڕازی لە هەرێمی کوردستاندا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...