هه‌واڵ

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونکردنەوە لەسەر کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی دەدات

زێدپرێس

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاگەیەنراوێکی لەمەڕ کوژرانی ئەندامەکەی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێ ڕێکاریی لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە.

ئەمڕۆ شەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، لە ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاران و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکە هاتووە، کاتژمێر ١٠ی شەوی ڕابردوو ١٨ی ئابی ٢٠٢٣، تەرمی هاووڵاتی نیاز جەلال بەگ ناسراو بە نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە ڕووداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستداوە، گەیەندرایە پزیشکی دادی ڕانیە و پشکنین بۆ تەرمی ناوبراو ئەنجامدرا و دەرکەوت شوێنەواری سێ فیشەک بەجەستەیەوە هەیە.

ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیس پاڵپشت بە گوتەی کەسوکاری قوربانییەکە، دەڵێ “ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە ،کە ناوبراو لە ڕانیە- سەر ڕێگای سەرەکی قوڕەگۆ بۆ پشوو سەردانی باخەکەی کردووە و لە ئەنجامدا لە ڕووداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستداوە”.

پۆلیسی ڕاپەڕین زیاتر دەڵێ “ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە”.

ڕاگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین لەکاتێکدایە، کە لە دەوروبەری کاتژمێر ٨:٠٠ی شەوی ڕابردوودا، نیاز جەلال بەگ دەرگەڵەیی لەناو خانووی باخەکەی لە سنوری ڕانیە کوژرا و هەر ئەوکات زێدپرێس لە زاری سەرچاوەیەک لە بنەماڵەی ناوبراو، ئەوەی خستەڕوو، کە بە سێ فیشەک و لەناو خانووی باخەکەیدا کوژراوە.

نیاز جەلال بەگ دەرگەڵەیی، پێشمەرگەی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندی حزبەکە و پێشتر پۆستی قایمقامی هەبووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...