سەرۆکایەتی داواکاری گشتی داوای ڕادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی دەکات
زێدپرێس
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتییەوە بڵاوکراونەتەوە، وەهاب مەجید باقی عەبدولکەریم ناسراو بە وەهاب هەڵەبجەیی، فەرمانی نێودەوڵەتی دەستگیرکردنی هەیە و فەرمانی دەستگیرکردنەکەش پێوەستە بە تۆمەتبارکردنی لە دۆسیەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی هاوکار جاف ئەفسەری دژە تیرۆر، کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی هاوکار جاف و برینداربوونی هاوسەر و منداڵەکەی.
دەقی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان
بەداخەوە ماوەیەکە لە سنوری دەڤەری سلێمانی، بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی و حزبیی و کەسییەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، لەکاتێکدا پێویستە دەزگا ئەمنییەکان کە دەزگای فەرمی حکوومەتن، ئەرکیان پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نیشتمان و سەروماڵی هاووڵاتیان و پارێزگاریکردن لە دۆخی پێکەوە ژیان و ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی بێت و نابێت هیچ دەزگایەکی ئەمنی ببێتە دەزگایەکی کەسیی و بە مەبەستی تایبەت بڵاوبکەنەوە، لەو ڕوانگەیەوە ڕایدەگەیەنین، کە هەندێک تۆمەتباری داواکراو لە لایەن دادگاوە هەن، پێویستە ڕادەستی یاسا بکرێن و لە بەردەم دادوەردا ئامادە بن، تا دادگا ڕێکاری یاسایی خۆیی بەرانبەریان بگرێتە بەر.
بە پێچەوانەوە ئامادەنەبوون لە بەردەم دادوەر و پشتگوێخستنی داواکاری دادگا و ڕادەستنەکردنی داواکراوان بە یاسا، دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حاڵەتەکانی تیرۆر و کوشتن و ڕفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان ڕوو لە زیادبوون بکات و کۆمەڵگە بە گشتی، لە ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامیدا بێت.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان
٩ی ئابی ٢٠٢٣