مەسرور بارزانی و دەیڤد بێرگەر کۆبوونەوە
زێدپرێس
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان کردووە.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات “هەردوولا جەختمان لە گرنگیی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان بە ئاڕاستەی بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە”.
مەسرور بارزانی لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان دەڵێ “تەوەرێکی کۆبوونەوەکەمان تایبەت بوو بە گفتوگۆکانی ئامادەکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، کە پێویستە ئامادەکردنی یاساکە، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت”.
زیاتر دەڵێ “لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی بەردەوامبوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی کارنامەی کابینەی نۆیەم و دوورخستنەوەی هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی حزبی لە ناو وەزارەت کرد”.
هەر ئەمڕۆ چوارشەم ٩ی ئاب، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، شاندی حکوومەتی هەرێم ئەنجامەکانی سەردان و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنی حکوومەتی عێراق لەمەڕ گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی عێراق خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران پێداگیری لەسەر گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق لەسەر بنەمای ماددە دەستوورییەکانی تایبەت بە نەوت و گاز دەکات.