هه‌واڵ

ئاگرێک لە سنوری پێنجوێن کەوتەوە و ١٥ هەزار دۆنم دارستان و ڕەز و باخ سووتان

زێدپرێس

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنوری پێنجوێن و بەهۆیەوە سووتانی ١٥ هەزار دۆنم لە پاوان و دارستانی سروشتی و ڕەز و باخی هاووڵاتیان ڕادەگەیەنێت.

ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٣ و بەهۆکارێکی نادیار ڕوویدا، وەک ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بۆ کردووە.

سەرەتا ئاگرەکە لە سنوری گوندی ئەحمەد کلوان کەوتووەتەوە و بەهۆی ڕەشەبای بەهێزەوە لە ماوەیەکی کورتدا بۆ سنوری گوندەکانی (هەرزەلە، دارەبەن، عارەبە، سەرکان، گەڵۆز و دەرەمیانە) لە سنوری ناحیەی ناڵپارێز پەڕیوەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی پۆلیسی دارستان، مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی پێنجوێن و بنکەی ناڵپارێز گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی ملەکەوە و دانیشتوانی ناوچەکە  هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان داوە، بەڵام وەک دەڵێ “بەداخەوە، بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی زۆر و ڕەشەبای بەهێز نەتوانرا لەسەرەتادا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و ڕۆژی دواتر ١٣ی ئاب، جارێکی تر مەفرەزەکانمان بە هاوکاری گوندنشینان و ڕێکخراوی ملەکەوە لە سنوری گوندی دەرەمیانە تا کاتژمێر ٧:٠٠ی ئێوارە بێوچان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان دا و توانرا ڕووبەرێکی فراوان لە ئاگرەکە بکوژێنرێتەوە و بەشێکی بە تەکنیکی ئاگربڕ کۆنتڕۆڵ بکرێت”.

لە میانەی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا، کارمەندێکی بنکەی پۆلیسی دارستانی ناڵپارێز بووە و بەهۆی ئاگرەکەشەوە نزیکەی ١٥ هەزار دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی و ڕەز و باخی هاووڵاتیان سووتان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...