هه‌واڵ

نۆ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی گوندی کۆجۆ تێپەڕ دەبێت

زێدپرێس

 

ئەمڕۆ سێشەم ١٥ی ئابی ٢٠٢٣، نۆ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی گوندی کۆجۆ لەلایەن تیرۆریستانی داعش، تێپەڕ دەبێت.

گوندی کۆجۆ بەدووری ٢٥ کیلۆمەتر لە باشووری شارۆچکەی شنگال هەڵکەوتووە. پێشتر لە ١٩٦ ماڵ پێکدەهات، ئێستا هیچ کەس لە کۆجۆ ناژی و گوندەکە وێرانەیە.

 

گەمارۆدانی کۆجۆ

تیرۆریستانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، گەمارۆی گوندی کۆجۆیان دا و پاش ١٢ ڕۆژ، گوندەکەیان داگیر کرد. بەدرێژایی هەموو ئەو ماوەیە و تا کۆمەڵکوژکردنیان، موختاری گوندەکە و خەڵکەکە لە پەیوەندیدابوون بۆ بەهاناوەچوون و ڕزگارکردنیان، بەڵام گوندەکە گەمارۆدرا بوو، ڕێگەیەک نەبوو بۆ یارمەتیدانیان.

لەو گوندەدا، هەزار و ٧٤٤ هاووڵاتی ئێزدی لە چوارچێوەی ٢٢٥ خێزاندا دەژیان.

بەیانی ١٥ی ئابی ٢٠٢٣، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، خەڵکی کۆجۆ ئاگەدار دەکرێنەوە، کە ڕێگەیان پێ دەدرێت گوندەکە جێبێڵن و بڕۆن، بە مەرجی ئەوەی هەرچییەکی هەیانە، لە زێڕ و پارە و سامانی دی، ڕادەستی بکەن.

لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، فەرمان بە دانیشتووانەکە کرا، لەناو قوتابخانەی گوندەکەدا کۆببنەوە و هەرچی لە زێڕ، پارە و مۆبایلیان هەیە، لەگەڵ خۆیانی بهێنن. پیاوەکان لە نهۆمی یەکەمی قوتابخاکە و ژنان لە نهۆمی دووەم کۆکرانەوە. بەرپرسانی داعش بە خەڵکەکەیان گوت، تەنیا پارە و زێڕ و ئۆتۆمبێلی خەڵکەکەیان دەوێ و زیان بە کەس ناگەیەنن، ئەوانەی دەیانەوێت دەربچن بەرەو چیا، ڕێگەیان دەدرێت و هەمووان ویستی دەرچوونیان پیشان دا.

دوای کۆکردنەوەی سەرجەم پارە و زێڕ و سویچی ئۆتۆمبێلەکانیان، چەکدارانی داعش پێیان ڕادەگەیەنن، یەکەمجار ڕێگە دەکەنەوە بۆ دەرچوونی پیاوەکان، ئەوانەی سەرووی ١٥ ساڵن و پاشان ژن و منداڵەکان. هەر چۆنێک بێت، پیاوەکان ناچار کران گرووپ گرووپ بچنە دەرەوە و گوایە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەرەو چیای شنگال یان ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی داعش دەگوازرێنەوە. بەو جۆرە گرووپ گرووپ گوازارنەوە و هەر گرووپێک لەو دەوروبەرە، کۆمەڵکوژکران.

تیرۆریستانی داعش ٤٨٠ پیاویان لە ١٤ گۆڕی بەکۆمەڵدا کۆمەڵکوژ کرد، بەڵام ١٩ کەس لەو کۆمەڵکوژییەدا ڕزگار بوون. ژن و منداڵەکانی کۆجۆ کە ژمارەیان لە نێوان ٨٠٠ تا ٩٠٠ کەس بوو، لەلایەن تیرۆریستانەوە ڕفێنران و ئافرەتەکان وەک کۆیلەی سێکسی بەکارهێنران و لە بازاڕەکانی مووسڵ، تەلەعفەر و ڕەقەدا کڕین و فرۆشتیان پێوە دەکرا.

پاش چەند ساڵ مانەوەیان لە دەست داعش، زۆر لە ڕفێنراوەکان ڕزگارکران، هەندێک سەرچاوە باس لە ڕزگاربوونی سەرووی ٧٠٠ ڕفێنراو دەکەن. نادیە موراد براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێک لە ڕفێنراوە ڕزگارکراوەکانی گوندی کۆجۆیە.

 

هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان

دوای ئازادکردنی دەڤەری شنگال و گوندی کۆجۆ لە دەست تیرۆریستان، ١٧ گۆڕی بەکۆمەڵ لەو گوندەدا دۆزراونەتەوە، کە ڕووفاتی ٤٠٠ شەهیدکراوی ئێزدیان تێدا بوو، هێشتا سەدان قوربانی ئێزدی بێسەروشوێنن.

لە ١٥ی ئازاری ٢٠١٩، یەکەمین گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانییانی ئێزدی لە گوندی کۆجۆ هەڵدرایەوە.

پاش دەرهێنانی ڕووفاتی قوربانییەکان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا، بەمەبەستی پشکنینی دی ئێن ئەی، ڕەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کران.

لە شوباتی ٢٠٢١دا، ڕووفاتی ١٠٤ قوربانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کۆجۆ، پاش هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناسینەوەی ڕووفاتەکان لەڕێگەی پشکنینی دی ئێن ئۆ، جارێکی دی و لە مەراسیمێکی تایبەتدا بە خاک سپێردرانەوە. لەو مەراسیمەدا کە بۆ بەخاکسپاردنی ڕووفاتی ١٠٤ قوربانییەکە بەڕێوەچوو، هاوکات ٥١٧ گۆڕی هەڵکەندراوی دی ئامادەکرابوون، کە هەر یەک لە گۆڕەکان ناوی یەکێک لە قوربانییە بێسەروشوێنەکانی لەسەر بوو، وەک ئاماژە و داواکارییەک بۆ دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی ٥١٧ قوربانی دی.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوو هەزار و ٢٩٣ کوردی ئێزیدی بە دەستی تیرۆریستانی داعش کوژراون و لە ١١٤ گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری شارۆچکەی شنگال نێژراون.

لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا ڕووفاتی ٤١ قوربانی دیکەی گوندی کۆجۆ لە پزیشکی دادی بەغداوە و پاش تەواوبوونی پشکنینەکان بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی قوربانییەکان، ڕەوانەی کۆجۆ کرانەوە و لە مەراسیمێکی تایبەتدا بە خاک سپێردران. لەناویاندا ڕووفاتی ١٥ ژن و منداڵ هەبوون.

سەرچاوەکان باس لە هەبوونی گۆڕێکی بەکۆمەڵی تایبەت بە ژن و منداڵانی گوندی کۆجۆ دەکەن، کە ڕووفاتی ٨٣ قوربانی تێدایە و گۆڕە بەکۆمەڵەکە کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی شەنگالەوە. ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە، ژنانی بەتەمەنی تێدا کۆمەڵکوژکراوە، پاش ئەوەی ئافرەتەکان دەگوازنەوە، لەوێ، ئافرەتە گەنجەکان و منداڵەکان جیا دەکەنەوە و بە تەمەنەکانیش کۆمەڵکوژ دەکەن.

 

بونیادنانی کۆجۆی نوێ

لە ئابی ٢٠٢١، نادیە موراد پێشنیاز و دەستپێشخەرییەکی بۆ بونیادنانی گوندێکی نوێ بۆ خەڵکە ڕەسەنەکەی کۆجۆ خستەڕوو. شوێنی گوندە نوێیەکە تەنیا چوار کیلۆمەتر لە کۆجۆی وێرانکراو دوورە. ئامانجەکە ئەوەیە، کۆجۆ وەک مۆنۆمێنت و شوێنەوارێک بمێنێتەوە، کە تاوانەکانی داعش پیشان دەدات.

لە هەنگاوی یەکەمدا، ١٥٠ خانوو لە گوندە نوێیەکەدا دروست دەکرێن و دواتر ژمارەکە زیاد دەکرێت، ئەگەر دانیشتووانە ڕەسەنەکەی کۆجۆ، بیانەوێت بۆ دەڤەرەکە بگەڕێنەوە. لەکاتێکدا هەندێک لە ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن، لانیکەم ٨٠ خێزانی ڕەسەنی کۆجۆ بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.

بەڵام، دوای نۆ ساڵ لە کۆمەڵکوژی دانیشتووانی گوندی کۆجۆ و ڕزگاربوونی هەندێکیان، ئێستا ژمارەی خێزانە ڕزگاربووەکان هەڵکشاوە.

گوندەکە نوێیەکە، بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ١٥٠ خانووی تێدا تەواو بکرێت، لەگەڵ خزمەتگوزارییەکانی وەک قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، ئاو و کارەبا و ئەوانی دی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...