هه‌واڵ

کەمتر لە هەر سێ ڕۆژ جارێک لە کوردستان دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر ئافرەتێک

زێدپرێس

 

بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و پاڵپشت بە ئاماری دادگاکان، لە کەمتر لە هەر سێ ڕۆژ جارێک دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر ئافرەتێک لە هەرێمی کوردستاندا.

 

بەگوێرەی ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، لەماوەی حەوت ساڵانی ٢٠١٥-٢٠٢١، لە هەرێمی کوردستاندا ٩٥٦ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ئافرەتان تۆمارکراون.

زۆرترین حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لەماوەی ئەو حەوت ساڵەدا لە پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە، کە ٣٦٣ حاڵەتە و لە پلەی دووەمدا پارێزگای هەولێر دێت بە ٣١٩ حاڵەت و لە پلەی سێیەمیشدا پارێزگای دهۆک دێت بە ٢٧٤ حاڵەت.

ئامارەکان تەنیا ژمارەی ئەو ئافرەتانە پیشان دەدەن، کە سکاڵایان لە بنکەکانی پۆلیس یان بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی تۆمار کردووە، لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زۆر زیاتر هەبن، کە لە بەر هەر هۆکارێک یان زیاتر بە هۆکاری کۆمەڵایەتی، دۆسیەکە پەردەپۆش دەکەن و ئامادەنین سکاڵای یاسایی لەسەر دەستدرێژیکارەکە تۆمار بکەن.

حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی لە پارێزگای هەولێر بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرزبوونەتەوە، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٥ تەنیا (١٦) حاڵەت تۆمارکراوە، لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ ٦١ حاڵەت بەرزبوونەتەوە. ئەوەش بەرزبوونەوەیەکە لەڕێژەی (٥٪) لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ڕێژەی (١٩٪) لە ساڵی ٢٠٢١دا.

هەروەها، حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی لەهەردوو پارێزگای دهۆک و سلێمانی لەماوەی ئەو حەوت ساڵەدا بەرزبوونەوە و دابەزینیان تۆمار کردووە، جگە لە پارێزگای هەولێر، ژمارەکە ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو هەڵکشانی زیاتر چووە و هیچ داکشانێک ڕووینەداوە.

بەگوێرەی شیکردنەوەی بەشی ئامار و داتاکان لە زێدپرێس، هەڵکشان و داکشانی حاڵەتەکان بەگوێرەی ساڵەکان ناتوانرێت وەک کەمبوونەوە یان زیادبوونی ڕێژەی دەستدرێژی سێکسی لە واقیعدا وەربگیرێت، لەبەر چەند گریمانەیەک؛ لەناویاندا ئەگەری کرانەوەی کۆمەڵگا لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کە یارمەتیدەر دەبێت لەوەی ئافرەتانی قوربانی بتوانن لە بەرانبەر دەستدرێژییەکاندا سکاڵا تۆمار بکەن، بەبێ ئەوەی جارێکی دی ببنەوە قوربانی.

هەروەها، هەبوونی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، دیسان یارمەتیدەر دەبێت لەوەی ئافرەتان بتوانن سکاڵای زیاتر لە بەرانبەر دەستدرێژییەکاندا تۆمار بکەن.

لەهەمانکاتدا دەشێت بارودۆخی جیاوازی شار و دەڤەرەکان لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، هۆکارێکی یارمەتیدەر بێت لە دەنگکردن یان بەپێچەوانەوە بێدەنگبوونی ئافرەتانی قوربانی لەسەر دەستدرێژییەکە.

هێشتا تێبینییەکی گرنگ دەمێنێتەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و هەروەها دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، زۆرجار و تەنیا لەسەر بنەمای سنووری کارگێڕی پارێزگاکان دۆسیەکان تۆمار دەکەن، بەبێ ڕەچاوکردنی ژمارەی دانیشتووان لە هەریەک لە پارێزگاکاندا. لەسەر ئەو بنەمایەش پێویست دەکات، ژمارەی حاڵەتەکان بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان لە پارێزگاکاندا شی بکرێتەوە و بەو جۆرەیش سەر زیادی و کەمی حاڵەتەکان لەهەریەک لە پارێزگاکاندا ئەنجامی وردتر دەدات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...