هه‌واڵ

ئامێرێکی بچووکی بێدەنگ بۆ هەڵکەندنی بیری نایاسایی دەستی بەسەرداگیرا

زێدپرێس

بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، دەستبەسەرداگرتنی ئامێرێکی بچووکی بێدەنگی ڕاگەیاند، کە بۆ هەڵکەندنی بیری نایاسایی و قاچاغ بەکارهێنراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم ٢١ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردەوە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و تیمەکانیان، دەست بەسەر ئامێرێکی بچووکی بێدەنگدا گیراوە، کە بۆ هەڵکەندنی بیری نایاسایی و قاچاغ بەکارهێنراوە.

بەپێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو، بیرهەڵکەنە بێدەنگەکە لە شارەدێی شەمامک لە ڕۆژئاوای شاری هەولێر دەستی بەسەرداگیراوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ “خراپەکاران چەند داهێنان بکەن لە کاری نایاسایی، هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانمان ڕێگای نوێتر دەدۆزنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان”.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تایبەتی زێدپرێس، تا ساڵی ٢٠١٥، بەدیاریکراوی ٢٠ هەزار و ٨٠٠ بیری نایاسایی و بێمۆڵەت لە هەرێمی کوردستان هەڵکەندراون، سێ هەزار بیری نایاسایی لە هەولێر، ٢٥٠ لە دهۆک، ١٧ هەزار بیری نایاسایی لە سلێمانی و ٥٥٠ بیری دیکەیش بەنایاسایی لە دەڤەری گەرمیان هەڵکەندراون، لەپاڵ ١٩ هەزار و ٨٠٨ بیری یاسایی و مۆڵەتپێدراودا.

ئامارێکی تایبەت کە دەست زێدپرێس کەوتووە، پیشانی دەدات ژمارەی بیرە مۆڵەتدراوەکان تا ساڵی ٢٠٢١ گەیشتووەتە سەرووی ٢٤ هەزار بیری مۆڵەتدراو و ژمارەی بیرەکانی بێمۆڵەتیش بەنزیکەی ٣٠ هەزار بیری نایاسایی دادەنرێن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...