هه‌واڵ

قوباد تاڵەبانی: لەگەڵ فیدان باسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانمان کرد

زێدپرێس

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسیان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد.

قوباد تاڵەبانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیانی خستەڕوو.

باسی لەوە کرد، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆیان کرد لەسەر چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەکان، بە تایبەتیش پرسی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کردووە.

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەڵێ “هەردوولاش هاوڕابووین لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی هەرچی زووتری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە. بە پێویستیشمان زانی هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر هەبێت لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر”.

کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی کوردستان و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوابەدوای کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...