یەکگرتووی ئیسلامی: دەبێت بەغدا پابەندییەكانی لەمەڕ هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات
زێدپرێس
کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ دووشەم ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣ بەسەرپەرشتی سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێکردن لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشكی خستووەتە سەر بارودۆخی ناوخۆی حزب و ڕایگەیاندووە، “كار و چالاكییەكان بەشێوەیەكی تۆكمە و لە چوارچێوەی بەرنامەی كاری ئەم خولە بەڕێوەدەچێت و سەركەوتنی باشی بەدەستهێناوە”.
وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو نیگەرانی خۆی دووپاتكردەوە لە سەر دواكەوتنى بودجە و مووچە، “دەبێت حكوومەتی فیدراڵی پابەندییەكانی بەپێی یاسای بودجە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان جێبەجێبكات”.
زیاتر دەڵێ “هەروەك جەختیكردەوە لەوەی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان خەمی جدی بژێوی هاووڵاتیان و كەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك كارەبا و ئاو و سوتەمەنی و خزمەتگوزارییەكانی تر بخوات”.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەڵوەستە لەسەر “ئازادیيە گشتییەكان بەتایبەت ئازادی ڕۆژنامەگەری” کراوە و “ئەنجوومەنی جێبەجێكردن بە پێویستی زانی كە دەسەڵات و دەزگا پەیوەندیدارەكان ڕێگری بكەن لە پێشێلكارییەكان لەو بارەیەوە”.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەشدا هاتووە، “هەر لەكۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی كە هەرچی زووترە كۆتایی بهێندرێت بە ناكۆكییە ناوخۆییەكان كە بۆتە خاڵی لاوازی هەرێم و نێوماڵی كوردستانی ڕێكبخرێتەوە و پەلەش بكرێت لە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاک و بێگەرد”.