هه‌واڵ

حکوومەتی هەرێم وەڵامی حکوومەتی عێراق دەداتەوە

زێدپرێس

 

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی گوتەبێژەکەی حکوومەتی عێراق لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەداتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بەناوی حکوومەتی هەرێمەوە، وەک وەڵامدانەوەی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕاگەیاند.

 

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

 

‏‎ڕوونکردنەوەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وتەکانی گوتەبێژی حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی پابەندی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دەرخستنی ڕاستییەکان.

 

‏‎‏‎هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣، شایستەی (١٦) ترلیۆن و (٤٩٨) ملیار دینارە کە مانگانە دەکاتە (١)ترلیۆن و (٣٧٥)ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە (٩٠٦) ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. بەڵام لە ٢٠٢٣/١/١ تا ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بڕی (٢) ترلیۆن و (٥٩٨) ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە (٤٠٠) ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی ٢٠٢٢، لە کاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تا مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٢٣ بڕی (١١) ترلیۆن تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە.

 

‏‎‏‎* لە ٢٠٢٣/١/١ مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەپێی ژمارەکانی هاتوو لە خشتەکانی یاسای بودجە، لە کاتی خۆیدا دابەش کراوە، کەچی تەنها بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێوەری ئینفاقی فیعلی پەیڕەو کراوە کە لەمەشدا کار لەسەر ڕێکارێکی جیاواز کراوە ئەویش میکانیزمی قەرزە، کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق ئەمە ڕووی نەداوە بە قەرز ‏‎ماف و مووچە بدرێتە فەرمانبەر، بەڵكوو مووچەی مووچەخۆران بە پێی شایستەیی خۆیان دابەش کراوە.

 

‏‎* دوایین بڕە پارە کە بڕیاری لێدراوە، (٥٠٠)ملیار دینارە بە شێوازی قەرز. ئەوان دەڵێن داهاتی ئێمە بریتییە لە (٣٢٠) ملیار دینار،ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش کۆ بکەینەوە هێشتا ناکاتە کۆی گشتی شایستەی مانگانەی هەرێم کە دەکاتە (١) ترلیۆن و (٣٧٥)ملیار دینار کە لە یاسای بودجەدا هاتووە.

 

‏‎‏‎* لەبارەی داهاتی نەوت، لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق خۆیان لە ٢٥\٦\٢٠٢٣ تا ئێستا ڕۆژانە تێکڕا بڕی ٨٥ هەزار بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و حکومەتی هەرێم ئامادەش بووە هەر بڕێک کە ئەوان بیانەوێت پێیان بدات، بەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی نەوت داوای کردووە و لە توانای پاڵاوگە ناوخۆییەکاندایە، لە بەرانبەردا حکومەتی عێراقی فیدراڵ پابەندی سەرشانی بۆ خەرجکردنی تێچوونی ئەم نەوتە لە ئەستۆ نەگرتووەو یەک دیناری نەناردووە بۆ خەرجی دەرهێنان و بەرهەمهێنان ‏‎‏‎و گواستنەوەی نەوتەکە.

‎‏‎

‏‎* لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانیش هەر لە سەرەتاوە شەفافانە هەموو داتا و ژمارەکان خراونەتە بەردەست وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و وردبینییان بۆ کراوە، ئامادەییشمان نیشان داوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان لەنێوانیاندا یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ کە داهاتە نانەوتییەکانی فیدراڵی تەسلیم بکرێت، کەچی وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەفسیرێکی مەرکەزییان هەیە بۆ داهاتە نانەوتییەکان و هەمیشە زیاتر لەوەیان بڕیوە کە هەرێم هەیەتی لەناو ‏‎‏‎شایستە داراییەکاندا، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانە.

 

‏‎‏‎* لەکۆتاییدا ڕایدەگەینین هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی وتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم  نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە. حکومەتی هەرێم، هەموو پابەندییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام هەمیشە بەبیانوویێک مافی هەرێم پێشێل دەکرێت و بەرێز وتەبێژ لەکۆتایی قسەکانی دەڵێت”باشترین ڕێگا چارە بۆ چارەسەر جێبەجێکردنی دەستوورو ڕێککەوتنەکانە”،ئێمەش لەمەدا هاوڕاین لەگەلتان بەڵام دەشپرسین،کێ دەستوورو یاساکانی پێشێلکردووە؟کێ رێکەوتنەکان دەگۆڕێت و پابەندییان نابێت؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...