نێچیرڤان بارزانی باس لە مووچەی فەرمانبەران دەکات
زێدپرێس
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەینێت، مووچە مافێکی ڕەوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و بابەتێک نییە هەر لە بنەڕەتدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەڵامی چەند پرسیارێکی میدیاکارانی دایەوە.
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانەوە گوتی “ئێمە هەموومان هەوڵمانداوە، هەر لایەنێک نییە، سەرۆکوەزیرانی خۆمان بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر خەتە و خۆم بەردەوام لەسەر خەتم”، زیاتر گوتی “بابەتی مووچە مافێکی ڕەوای هاووڵاتییانە و ئەوەی گرنگە کە نابێت مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت”.
دووپاتی کردەوە، “حکوومەتی هەرێم هەر پابەندێتییەک لەسەری هەبووە، هەمووی جێبەجێکردووە و بەوپەڕی شەفافیەتیشەوە مامەڵەی لەگەڵ بەغدا کردووە، چاوەڕوان دەکەین بەغدایش هەر بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکات.”
سەرۆکی هەرێم بە پێداگیرییەوە گوتی “پرسی مووچە بابەتێک نییە لە بنەڕەتدا موناقەشەی لەسەر بکرێت، مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە وەک بەشێک لە هاووڵاتییانی عێراق و دەبێت حکوومەتی فیدڕاڵی بەزووترین کات کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.”
لەو ڕوانگەیەشەوە، ئاماژەی بەوە کرد، کە لەم نزیکانە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی و وەزیری دارایی سەردانی بەغدا دەکەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی ڕوونیکردەوە، کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هەر تەنیا مووچە نییە، بەڵکوو زۆر بابەتی دیکەیە، لەناویاندا ئاماژەی بە ماددەی ١٤٠ و ڕێککەوتنی شەنگال و هەروەها سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق کرد و گوتی دەبێت تێبگەین ئایا لە عێراق سیستەمێکی فیدڕاڵی هەیە یان مەرکەزییە، چونکە مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای فیدڕاڵی نییە.
لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، “ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان بەغدا و تاران ئیمزا کراوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق پابەندی ئەو ڕێککەوتنەین و نامانەوێت هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە بێت نە بۆ ئێران نە بۆ تورکیا و نە بۆ هیچ لایەنێک”.
زیاتر دەڵێ “لەو چوارچێوەیەشدا بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا هەندێک هەنگاوی گرنگ نراوەو ئێمە هیوادارین ئەم هەنگاوانە ببنە هۆی ئەوەی کە هیچ کێشەیەکی ئەمنی و سەربازی دروست نەبێت. خۆم باوەڕ ناکەم هیچ پاساوێک بۆ کردەیەکی سەربازی هەبێت”.