هه‌واڵ

باوکی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا

زێدپرێس

 

ئەمجەد ئەمینی، باوکی گیانبەختکردوو ژینا ئەمینی، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی کچەکەی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، هەر کە لە ماڵەکەی خۆیان هاتووەتە دەرەوە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ئەمجەد ئەمینی، باوکی گیانبەختکردوو ژینا ئەمینی، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە شەقامی “مامۆستا هەژار”ی شارۆچکەی “دانشگاە” (زانکۆ)ی شاری سەقز، لەلایەن کۆمەڵێکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا.

وەک هەنگاو ئاماژەی بۆ کردووە، سەرەڕای ئەوەی ناوەندە حکوومەتییەکان ئاگادارییان بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دابوو، کە نابێت ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کچەکەیان بەڕێوە ببەن، ئەم بنەماڵەیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند: “ئێمەی بنەماڵەی ژینا، وەک هەموو بنەماڵەیەکی خەمبار، لە ساڵیادی گیانبەختکردوونی کچە شیرینەکەمان ژینا (مەهسا) ئەمینی، لەسەر گۆڕی ئەو ئازیزە کۆچکردووە کۆدەبینەوە و ڕێوڕەسمی ڕەسەن و ئایینیی ئەو ساڵیادە بەڕێوە دەبەین”.

بەپێی ڕێکخراوی هەنگاو، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو و ڕۆژانی پێش ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ئەمجەد ئەمینی لانی کەم چوار جار لەلایەن ناوەندە حکوومەتییە جیاوازەکانەوە بانگ کراوە و لەسەر بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادی ژینای کچی وێڕای ئەوەی لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە، بێڕێزیشی پێ کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سێشەمی ڕابردوو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەفا عائێلی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خاڵۆی بچووکتری ژینا ئەمینی؛ لە شاری سەقز دەستبەسەریان کردووە و تاکوو ئێستاش هەر لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەدایە و دۆخێکی یاساییی ناوبراو ناڕوونی هەیە.

“بارودۆخی شاری سەقز بەتایبەت دەوروبەری ماڵی بنەماڵەی ئەمینی و ڕێگەکانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی (گۆڕی ژینا) بە چڕوپڕی میلیتاریزە کراوە و هێزە سەربازی – حکوومەتییەکان لە هەموو شوێنێکی ئەو شارە پڕچەک و بە کەرەستەی شەڕەوە جێگیر کراون”، ڕێکخراوی هەنگاو وا دەڵێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...