هه‌واڵ

ڕاگەیەنراوی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت

زێدپرێس

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنووری هەرێم و عێراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

 

بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر  فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبوون و برینداربوونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە.

‏‎ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنووری هەرێم و عیراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە.

‏‎لەبەرامبەر چەندبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییە، ئەركی هەموولایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە و كوردستان لە ناحەزان و دوژمنكاران بپارێزین.

‏‎وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی هەر سێ شەهیدی قارەمانی دژەتیرۆر کە شەهیدی ئارامیی کوردستانن، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. هەروەها دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عیراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلکارییانە نەدرێت.

‏‎داوا لە هەموو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان دەكەین هەڵوێستی جدییان هەبێت و هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردوودا پێشڕەوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆربووین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە.

‏‎خەڵكی خۆشەویستی كوردستان،

‏‎پشت بەخوای گەورە و ئێوە پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین و بە یەكگرتووییمان سەقامگیریی لە هەرێمەكەمان بەرقەرار دەكەین و رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەكان دەبینەوە.

‏‎

بافڵ جەلال تاڵەبانی

‏‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button