دەنگدان لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کێشەی تێکەوتووە
زێدپرێس
هەرچەند بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدات، بەڵام هێشتا دیار نییە دانیشتنەکە دەکرێت یان نا، چونکە بەشێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی شیعە و سووننە ئامادەنین.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ زێدپرێس ڕایگەیاند، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە کارنامەی کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەم ١٨ی ئەیلوول جێگیر کرا بوو، بەڵام لەسەر داوای هەندێک لەلایەنەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران، پڕۆسەکە بۆ ئەمڕۆ سێشەم دواخرا.
ڕوونیکردەوە، لایەنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەران، بە داواکاری ئەو کەس و لایەنانە ڕازی بوون، بەڵام بە پێچەوانەی بەڵێن و چاوەڕوانییەکانەوە، ئەمڕۆ سێشەم دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکانی هەڵەبجە جارێکی دی دواخرایەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا، بەشێک لە لایەنە شیعەکان و خودی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێکهاتەی سووننە، نە دوێنێ و نە ئەمڕۆیش نەهاتووەتە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، ئەوەیشی وەک خۆدزینەوەیەک لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لێکدایەوە.
لای خۆیەوە، هەر ئەمڕۆ سێشەم ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیامێکدا داوا لە فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، هەڵوێستی پشتیوانی و مرۆیی و نیشتمانیان هەبێت و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدەن.
شاخەوان عەبدوڵا زیاتر دەڵێ “هیوادارین پەرلەمانتارە بەڕێزەكان پاڵپشتی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساكە بكەن، وەك پیشاندانی ڕێز و گێڕانەوەی ماف بۆ خەڵكی هەڵەبجەی شەهید، كە قوربانییەكی گەورەیان پێشكەشكردووە و ڕووبەڕووی قێزەونترین جۆرەكانی تاوان و لەناوبردنی بە كۆمەڵ بوونەتەوە، لەسەردەستی بەعسی شۆفێنی گۆڕبەگۆڕ و بۆردمانكردنی هاووڵاتییانی بێتاوان بە چەكی كیمیایی قەدەغەكراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەسەردەمی ڕژێمی دیكتاتۆری لەناوچوودا”.