هه‌واڵ

بەریتانیا دان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان دادەنێت

زێدپرێس

 

ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی بەریتانیا، داننانی وڵاتەکەی بە جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕاگەیاند.

 

بەپێی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی بەریتانیا، ئەمڕۆ سێشەم ١ی ئابی ٢٠٢٣، بەریتانیا بە فەرمی دانی بەوەدا نا، کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە پڕۆسەی جینۆساید لە دژی گەلی ئێزیدی ئەنجام دراوە.

ئەم ڕاگەیاندنە پێش ڕووداوەکانی یادی نۆ ساڵەی ئەو دڕندایەتییانەی داعش دێت، کە لە دژی ئێزیدییەکان ئەنجامیان داوە.

بڕیارەکەی بەریتانیا دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا دێت، کە چەکدارێکی پێشووی داعش بە تاوانی کردەوەی جینۆساید و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی تاوانبار کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، بەریتانیا بەردەوامە لە ڕۆڵی پێشەنگانەی لە بنبڕکردنی داعش، لەوانەش لە ڕێگەی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی پڕوپاگەندە ژەهراوییەکانی.

لۆرد ئەحمەد وەزیری دەوڵەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕای گەیاند:

خەڵکی ئێزیدی نۆ ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەستی داعش زیانێکی بێئەندازەیان بەرکەوت و تا ئەمڕۆش لێکەوتەکانی هەست پێدەکرێن. دادپەروەری و لێپرسینەوە گرنگن بۆ ئەو کەسانەی کە ژیانیان وێران بووە.

وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵات، دەڵێ “ئەمڕۆ ئەو دانپێدانانە مێژووییەمان کردووە، کە پڕۆسەی جینۆساید دژی ئێزیدییان ئەنجامدراوە. ئەم ویستە پابەندبوونمان بەهێزتر دەکات، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەوان ئەو قەرەبووە وەردەگرن کە شایانیانە و توانای دەستڕاگەیشتنیان بە دادپەروەرییەکی مانادار هەیە”.

باس لەوەش دەکات، بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە ڕۆڵی پێشەنگانەی لە بنبڕکردنی داعش، لەوانەیش لە ڕێگەی بنیاتنانەوەی ئەو کۆمەڵگایانەی کە بەهۆی تیرۆرەوە زیانیان لێکەوتووە.

ئاماژە بەوەش دراوە، کە هەڵوێستی بەریتانیا هەمیشە ئەوە بووە، کە بڕیاردان لەسەر جینۆساید دەبێت لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆوە بێت، نەک لەلایەن حکوومەتەکان یان دەزگا نادادییەکانەوە. ئەم بڕیارە دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا لە سەرەتای ئەمساڵدا دراوە، کە تیایدا چەکدارێکی پێشووی داعش بە تاوانی کردەوەی جینۆساید و تاوانی دژە مرۆڤایەتی کە لە عێراق ئەنجامی داوە، تاوانبار کرا.

بەریتانیا بە فەرمی ددان بە پێنج حاڵەتدا دەنێت کە کۆمەڵکوژی تێدا ڕوویداوە: هۆلۆکۆست، ڕواندا، سرێبرینیکا و کردەوەی جینۆساید لە کەمبۆدیا و جینۆساید دژی ئێزیدییەکان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...