هه‌واڵ

دادگای فیدڕاڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە

زێدپرێس

 

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بە بڕیارێک ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دا.

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی، پێوەستە بە نادەستووری لەقەڵەمدانی یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستانەوە، کە پاڵپشت بەو یاسایە، تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان درێژکراوەتەوە.

کۆتا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤ ئەنجامدراوە و دەبوو لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨ هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام هەڵبژاردنەکە نەکرا و پەرلەمانی کوردستانیش بە یاسایەکی تایبەت لە ٢٠١٩دا تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی درێژکردەوە، کە ئەمڕۆ یەکشەم دادگای فیدڕاڵی عێراق، یاساکەی پەرلەمانی کوردستانی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە نادەستووری لە قەڵەم دا و بەو شێوەیەش ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خرایە بۆشاییەکی یاساییەوە.

ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا و دواخستنیان لە هەرێمی کوردستاندا گرفتێکی یاساییە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر بەبڕیاری پەرلەمان تەمەنی خودی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی پارێزگاکان درێژکراونەتەوە وەک چارەسەرێکی یاسایی بۆ بەردەوامبوونی دامەزراوەکان، بەڵام لەگەڵ هاتنەپێشەوەی دادگای فیدڕاڵی عێراق و بە نادەستووری لەقەڵەمدانی یاساکانی درێژکردنەوە، یەکەمجار پەرلەمانی کوردستان و ئێستایش ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێندرانەوە و هەرێمی کوردستان لەوڕووەوە خراوەتە ناو بۆشاییەکی یاساییەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...