هه‌واڵ

پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی: نەفرەت لە سیاسەتی برسیکردن

زێدپرێس

 

ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی توندی لەبارەی دۆخ و گوزەرانی فەرمانبەران و مووچەخۆران بڵاوکردەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا، بەتوندی ڕەخنەی لە “سیاسەتی برسیکردن” لەلایەن هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گرت.

لە سەرەتای ڕاگەیەنراوەکەدا، هەردوو دەسەڵاتی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گەندەڵ و بە “مۆتەکەی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان” پێناسە دەکات و دەڵێ “هەریەک بە شێوازێک دەستیان لە گەرووی خەڵک ناوە”.

ئاماژە بەوە دەکات، “بەداخەوە لە کوردستان سەرەڕای ئەو هەموو خۆڕاگرییەی گەلەکەمان، لە نانبڕاوکردنی، لە نەدانی مووچە، لە پاشەکەوتی مووچە، لە نەبوونی سەدان خزمەتگوزاری، لە هەراجکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە، لە بێبەشکردنی ڕۆڵەکانی، دەسەڵاتی خۆسەپێنی دوو بنەماڵە و کۆمپانیاکانیان زۆر بێباکانە هەڵسوکەوت دەکەن لە بەرانبەر مافی گەلەکەمان و مافی مووچەخۆران و کرێکاران و جووتیاران و پێشمەرگە قارەمانەکان و پێشمەرگەی دێرینی خانەنشین”.

زیاتر دەڵێ “جگە لە چەندین مووچەی پاشەکەوت-خوراویان، ئەم دەسەڵاتە ئەوە بۆ سێ مانگ زیاترە، لەگەڵ بوونی داهاتی ناوخۆ و گومرگەکانی، سێ مانگ هاتنی پارە لە بەغداوە، ئەم دەسەڵاتە ئیرادەی دابەشکردنی مووچەیشی نەماوە، لیستەکەی درێژ دەکاتەوە، وەک خێر بە مووچەخۆران بکات”.

کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، دەڵێ “بەتوندی ئەم برسیکردنەی گەلەکەمان ڕەت دەکەینەوە و سەرکۆنەی ئەم ڕێوشوێنە نایاسایی و ئیدارییانە دەکەین بەرانبەر مووچەخۆران و پشتگیری بایکۆتی مامۆستایان و مووچەخۆران دەکەین، تا گەڕانەوەی مافە خوراوەکانیان، داوای گەڕانەوەی مووچەکانیان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی فەرمانبەران و خانەنشینان دەکەین”.

زیاتر دەڵێ “ڕیسوایی بۆ هەموو ئەوانەی هۆکارن بۆ برسیکردنی گەلەکەمان، نەفرەت لە گەندەڵکاران و سەرانی گەندەڵ”.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...