ههواڵ
٢٠٠ ملیار دیناری دیکە خرایە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان
زێدپرێس
بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری دیکە لە بەغداوە خرایە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.
ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی ڕایگەیاند، بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری دیکە خراوەتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.
ئەو ٢٠٠ ملیار دینارە، دوایین بڕی ئەو ٧٠٠ ملیار دینارەیە، کە حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە، مانگانە لە ڕێگای بانکەکانی ڕەشید، ڕافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقەوە، بە قەرز بە هەرێمی کوردستانی بدات، بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
دابینکردنی بڕی ٧٠٠ ملیار دینارەکە لەکاتێکدایە، کە پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەیەکی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمووز(٧)ی ئەمساڵ ڕاگەیاندووە و بەپێی خشتەکە، دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران تا ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ درێژ دەبێتەوە.