هه‌واڵ

ئەفسەر و پۆلیسێکی هەولێر دەستبەسەرکران

زێدپرێس

 

لە بەرانبەر لێدان و پەلاماردانی گەنجێک لەلایەن پۆلیسێکی شارەکەوە و لە یادی (مەولوود)دا، ئەفسەرێک و پۆلیسەکەیش دەستبەسەر کران.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، ئێوارەی پێنجشەم ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ڕاگەیەنراوێکی لەمەڕ ئەو پۆلیسە بڵاوکردەوە، کە لەسەر قەڵای هەولێر پەلاماری گەنجێک دەدات و بەشێوەیەکی توندوتیژانە مامەڵەی لەگەڵ دەکات و گرتەڤیدیۆی لێدوان و پەلاماردانەکەیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەفرەوانی بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەی زۆری دروستکردووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێ، بەو هۆیەوە ئەفسەرێک و پۆلیسێک دەستبەسەرکراون.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتیی

 

سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە لە بارەی ئەو پۆلیسەی لە ڕێورەسمی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام پێشەوای مرۆڤایەتی و فەخری کائینات حەزرەتی محەمەدولمستەفا (دروودی خوای لەسەر بێت) لە سەر قەڵای ھەولێر بە شێوەیەکی ناشایستە مامەڵە لەگەڵ گەنجێک دەکات و پەلاماری دەدات، بەپێویستی دەزانیین بۆ ھەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە، لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆری ھاوڵاتییانی شاری ھەولێری پایتەخت بە چالاکی و شێوازی جیاواز لەو ڕۆژە پیرۆزەدا خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دەردەبڕی لە نێو سەنتەری شار، لە ھەمانکاتدا کۆمەڵێک گەنج لە سەر قەڵاتی ھەولێر بە ئەنجامدانی چەند کردار و ڕەفتارێکی ناشایستە ھاوڵاتیانیان ناڕەحەت و بێزارکردبووە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودوخە و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ ئەو گەنجانە پۆلیس ڕەوانەی شوێنەکە کران، بەڵام بەداخەوە لەلایەن یەکێک لە پۆلیسەکان بەشێوازێکی ناشایستە پەلاماری یەکێک لە گەنجەکان درا، لە بەرامبەر ئەو ڕەفتارە نابەجێیە ئەفسەرێک و ئەو پۆلیسە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمانەوە دەستبەسەرکراون و لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لە سەر پێکھێنراوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

 

ھاوڵاتییان و ھاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە ھیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر

٢٠٢٣.٩.٢٨

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...