هه‌واڵ

وەزارەتی پەروەردە هۆشداری دەدات

زێدپرێس

 

ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، هیچ بوارێک بۆ گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن نییە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەنەوە، کە بە زووترین کات دەستبکرێتەوە بە دەوامکردنی ناوەندەکانی خوێندن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کێشەی مووچەی مامۆستایان و دەستکردنەوە بە دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی پەروەردە دوای ئەوە دێت، هێشتا لە سنوری هەندێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، بەتایبەت لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان، دەست بە خوێندن نەکراوە و مامۆستایان وەک ناڕەزایەتی بەرانبەر دابەشنەکردنی مووچە بایکۆتیان کردووە.

وەزارەتی پەروەردە، ئاماژە بەوە دەدات، کە مووچە مافێکی بنەڕەتییە و حکوومەتی هەرێمیش لە هەوڵدایە بۆ دابینکردنی لەڕێگەی بەغداوە. هۆشداریش دەدات، کە گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندندا ناکرێت و داوا دەکات بە زووترین کات دەست بە پڕۆسەی خوێندن بکەن.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

مووچە مافێکی بنەڕەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و ئێمە سوپاسی ڕۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دەکەین، هەموو لایەکیش دۆخی دارایی ئێستای کوردستان و هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو دۆخە دەزانین، کە ڕووبەڕووی کوردستان کراوەتەوە، زیاتر لە دوو هەفتەیە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردووە، لە هەندێک ناوچە دەوام نەکراوە، وەک ئاماژەمان پێدا مووچە مافی بنەڕەتی مامۆستایانە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامی بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی کوردستانە لە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، داواکارین کە هەرچی زووترە دەست بە پڕۆسەی پەروەردە و فێربوون لەو ناوچانە بکرێتەوە، چونکە دەرئەنجامەکانی بایکۆت لە ساڵانی ڕابردوو زیانی هەبووە و هیچ بوارێکمان نییە گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە، کە بە زووترین کات دەستبکرێتەوە بە دەوامکردنی ناوەندەکانی خوێندن.

 

ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

٣ی ١٠ی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...