هه‌واڵ

پارێزەرانی دۆسیەی وەهاب هەڵەبجەیی ڕوونکردنەوە دەدەن

زێدپرێس

 

پاش بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر و تاوانبارکردنی وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی تیرۆر و ژمارەیەک لە هاوکارەکانی، پارێزەرەکانی ڕوونکردنەوە لەسەر سکاڵاکە دەدەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

یەكەم دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی عێراق، لەسەر داواکەی پارێزەرانی وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر، دوێنێ یەکشەم، ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، کە تیایدا تانە لە بڕیارێکی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر دراوە، سەبارەت بە وەهاب هەڵەبجەیی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی دژەتیرۆر/یەکێتی.

هەر یەك لە د. چیا زەنگەنە و هێڤار محەمەد پارێزەر و بریكارانی یاسایی دۆسیەی وەهاب هەڵەبجەیی و هاوڕێكانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر، لە دانیشتنی دادگاکە ئامادەبوون.

ئەمڕۆ دووشەم، ٣٠ی تشرینی یەکەم، د. چیا زەنگەنە، پارێزەری دۆسیەی وەهاب هەڵەبجەیی و هاوڕ‌ێكانی، بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ڕاگەیاند، “دوێنێ لەیەكەم دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر بڕیاری نایاسایی دادگای هەولێر ئامادەبووین، ئەمە لەكاتێكدا پێشتر سكاڵای یاساییمان لەسەر سەرۆكی پەرلەمان لەسەر هەمان بڕیار، لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار كردبوو”.

 

لە دادگای فیدڕاڵی تانەمان لەو یاسایە داوە كە بەڕ‌ێوەبەری گشتی دژەتیرۆر و فەرماندەكانی بەڕ‌ێوەبەرایەتییەكەی پێ تۆمەتبار كراوە

 

ڕوونیکردەوە، “لە دادگای فیدڕاڵی تانەمان لەو یاسایە داوە كە بەڕ‌ێوەبەری گشتی دژەتیرۆر و فەرماندەكانی بەڕ‌ێوەبەرایەتییەكەی پێ تۆمەتبار كراوە”.

وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای بەڕێوەبەرایەتییەکەی، پێشتر لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، لەلایەن دادگای هەولێر، بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرکراوە و لە دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف تاوانبارکراون.

میدیا فەرمی یەکێتیی نیشتمانی و پارێزەرانی وەهاب هەڵەبجەیی، زاراوەی “تۆمەتبارکردن” بەکاردێنن، وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای هەولێر و دداننەنان بە بڕیارەکە.

سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی و هاوڕێکانی، لە دادگای فیدڕاڵی عێراق، وەک ئەوەی پارێزەرەکەی ڕوونی دەکاتەوە، لەسەر بنەمای بەنایاساییدانانی ئەو یاسایەیە، کە لە بڕیارەکەی دادگای هەولێر لەدژی وەهاب هەڵەبجەیی پشتی پێبەستراوە و ئەویش یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٦، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە لە هەرێمی کوردستاندا.

پێشتر وەهاب هەڵەبجەیی بە یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٦، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە دادگای هەولێر سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکراوە

 

د. چیا زەنگەنە، باس لەوە دەکات، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر،  دوای چەندینجار درێژكردنەوەی ماوە یاساییەكەی، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بەسەرچووە، “ئەمە جگە لەوەی پەرلەمانی كوردستانیش لەوكاتەدا لە بۆشایی دەستووریدا بووە و بەپێی بنەما دەستوورییەكان هەر یاسایەك كۆتایی بە ماوە یاساییەكەی هاتبێت، دادگاكان ناتوانن پشتی پێببەستن و بڕ‌یاری پێدەربكەن”، د. چیا زەنگەنە وای گوت.

ڕوونیکردەوە، “هەر لەدانیشتنەكەی دوێنێی دادگای فیدڕاڵیدا، بەپێی بنەما دەستورییەكانی عێراق، تانەمان لەناوەڕ‌ۆكی بڕ‌یارەكەی دادگای هەولێردا، كە هیچ بنەما و بەڵگەیەكی یاسایی تێدا نییە، ئەمە جگە لەوەی ڕێگری یاسایی بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی شەهیدكردنی عەقید هاوكار جاف دروستدەكرێت و دۆسیەكە بۆ مەرامێكی سیاسی لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە تێپەڕ‌یووە، لەكاتێكدا دۆسیەكە كاریگەری زۆری لەسەر ئاشته‌وایی لە هەرێم و تەبایی نێوان لایەنەكان دروستكردووە”.

 

ئەگەر داواکەی وەهاب هەڵەبجەیی لە دادگای فیدڕاڵی سەربگرێت، سەرجەم ئەو بڕیارانەی لەدوای ٢٠١٨ەوە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەرکراون، پووچەڵ دەبنەوە

 

پارێزەری دۆسیەی تۆمەتباركردنی وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر و ئەفسەرە پلە باڵاكانی هاوپیشەی ئاماژەی بەوەشكرد: “بەهۆی ئەوەی ئێستا هەرێمی كوردستان لە بۆشایی یاساییدایە و دەسەڵاتی یاسادانان كارا نییە، بۆ ڕەتكردنەوەی بڕ‌یارەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر سكاڵامان لەدادگای فیدڕاڵی تۆماركردووە و داوامانكردووە سەرجەم ئەو بڕ‌یارانەی دادگای هەولێر هەڵبوەشێنرێنەوە، كە لەڕ‌ووی یاساییەوە نایاسایین و بەیاسای بەسەرچوو بڕ‌یاریان پێدراوە، یان بۆ مەرامی سیاسی پشتیان پێبەستراوە”.

میدیای فەرمی یەکێتی باس لەوە دەکات، کە ئەگەر تانەكەی تیمی پارێزەرانی دژەتیرۆر لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە پەسند بكرێت، سەرجەم ئەو بڕ‌یارانەی كە لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە لە دادگاكان بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەركراون، هەڵدەوەشێندرێنەوە.

وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر و لە دواکۆنگرەی یەکێتی، بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...