شاسوار عەبدولواحید پڕۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی بە سوودانی گەیاندووە
زێدپرێس
ئەمڕۆ پێنجشەم ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد.
بەگوێرەی میدیای فەرمی نەوەی نوێ، لەو سەردانەدا، سەرۆکی جوڵانەوەکە، “پڕۆژە”یەکی پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، بەمەبەستی پێدانی ڕاستەوخۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە.
“پڕۆژە”کە، هەمان ئەو نووسراوە لەخۆدەگرێت، کە پێش چەند ڕۆژێک لەلایەن زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بۆ هەمان مەبەست ئیمزا کراوە؛ لەناویاندا ئەندامانی فراکسیۆنەکانی یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ، جگە لە ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، کە هیچ کامێکیان ئیمزایان لەسەر داواکارییەکە نەکردووە.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، پێداگیری لەسەر دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی هەژماری ئەلیکترۆنییەوە و بەدیاریکراوی لە بانکی بازرگانی عێراق (TBI) کراوە.
ئەو داواکارییە، لەکاتێکدا دێت، کە لە شوباتی ٢٠٢٣ەوە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، دەستپێشخەری “هەژماری من” ڕاگەیەندراوە و دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
بەپێی دەستپێشخەرییەکە، هەر یەک لە مووچەخۆران لە ڕێگەی هەژماری بانکی تایبەت بەخۆیانەوە، دەستیان بە مووچەکانیان دەگات و هەر ئەوکات حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو، بۆ دەستڕاگەیشتنی مووچەخۆران بە مووچەکانیان، زیاتر لە هەزار ئامێری پارە(ATM) لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
ئێستا حکوومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق کار لەسەر پڕۆژەی “هەژماری من” دەکات و بەپێی سەرچاوەکانی زێدپرێس پڕۆژەکە لەماوەیەکی دیاریکراودا تەواو دەبێت.
هێشتا، تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، بەمانای گەیشتنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران نییە، چونکە ئەوە، تەنیا ڕێگە و شێوازی وەرگرتنی مووچەیە، لەکاتێکدا کێشەی هەرێم و مووچەخۆرانی، نەبوونی پارەی تەرخانکراوە بۆ مووچەکە، نەک چۆنیەتی پێدان و وەرگرتنی.
هەرچەند، حکوومەتی هەرێم نیگەرانی خۆی لە هەوڵەکانی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، نەشاردووەتەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئاماژەیش بەوە دەکەن، کە پێدانی مووچە لەلایەن بەغداوە ئاسان نییە، لەکاتێکدا ئاستەنگی کارگێڕی، دارایی و تەکنیکی لە دیاریکردنی مووچەی هەر مانگێکی هەر فەرمانبەرێکدا هەیە کە لەلایەن فەرمانگەکانی خۆیانەوە دیاری دەکرێت، بەڵام لەمەڕ چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەکە، کە خۆی لە هەژماری بانکی دەبینێتەوە، وا دەرناکەوێت حکوومەتی هەرێم پێشوازی لە پشتیوانییەکەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەکات.