هه‌واڵ

ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرزبوویەوە

زێدپرێس- محەمەد عەبدوڵا

 

ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکەی تورکیا لە نیوە شەوی ڕابردوودا بۆ سەر بنکەیەکی مەشق و ڕاهێنانی ئاسایشی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتە ٢٠ کوژراو و نزیکەی ٥٠ بریندار.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەم ٩ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی ڕابردووی تورکیا بۆ سەر بنکەی ئاسایشی ناوچەی کۆچەراتی سەر بە دێریکی (مالیکییە)ی پارێزگای حەسەکە، گەیشتە ٢٠ کوژراو و ٥٠ بریندار.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەوە ژمارەی کۆتایی نییە و پێدەچێت ژمارەی کوژراوان زیاتر بەرزبێتەوە، چونکە برینی هەندێك لە بریندارەکان سەختە. ڕوانگەکە لە ڕاپۆرتێکی پێشووتریدا ڕایگەیاند، کە ١١ شەڕڤان کوژراون، بەڵام دواتر ژمارەکە بەرزبووەتەوە.

هەروەها ڕایگەیاند، کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەمبوڵانس بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون و زۆربەی نەخۆشخانەکانی ناوچەکەش داوایان لە خەڵك کردووە بە مەبەستی خوێن بەخشین سەردانیان بکەن.

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دوای ئەوە دێت، کە ئەو وڵاتە پەکەکەی تۆماتبارکرد بە هێرشە خۆکوژییەکەی ئەنکەرە لە ١ی تشرینی یەکەم، کە دوو ئەفسەری پۆلیس بریندار بوون. پەکەکەش بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی گرتە ئەستۆ. دواتر تورکیا ڕایگەیاند کە هەردوو خۆکوژەکەی تەقینەوەکەی ئەنکەرەیان ئەنجامدا لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە لە سوریاوە هاتوونەتە ناو خاکی تورکیا.

بەرپرسانی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری دیموکرات لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەتوندی ئەو تۆمەتەی تورکیا ڕەت دەکەنەوە و بە بیانوویەکی داتاشراوی تورکیای لەقەڵەم دەدەن بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا.

دوێنێ یەکشەم ٨ی تشرینی یەکەم، مەزڵوم کۆبانێ ڕایگەیاند، لەماوەی ٧٢ کاتژمێردا تورکیا ١٤٥ هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی ئابووری و دامەزراوەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەنێویاندا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەکو ئاو و کارەبا و وزە و بنکەکانی مەشق و راهێنان کە کوژرانی دەیان کەسی لێکەوتۆتەوە.
هاوکات ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکی بەرفرەوان لە قامیشلۆ بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی تورکیا بەڕێوەچوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...