هه‌واڵ

ئیسرائیل: چەکدارانی حەماس ٤٠ منداڵیان لە گوندێکی نزیک غەززە سەربڕیوە

زێدپرێس

 

سەربازانی سوپای ئیسرائیل ئاماژە بە کوژران و سەربڕینی زیاتر لە ٤٠ منداڵ لە گوندێکی نزیک غەززە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەکەن، لەکاتێکدا وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بانگەشەی کوژرانی ١٥٠ منداڵ لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کەناڵی تەلەفزیۆنی (i24News) کە بنکەکەی لە ئیسرائیلە، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە کوژرانی نزیکەی ٤٠ منداڵ لە گوندێکی نزیک غەززە بەناوی کەفرئازا، لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە کردووە.

نیکۆڵ زێدێک پەیامنێری کەناڵەکە دەڵێ “لەکاتی گەیشتنی سەربازانی ئیسرائیل بە گوندەکە، تەرمی ژمارەیەک کۆرپەی سەربڕدراویان بینیوە”. پاش ئەوەی چەکدارانی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەم هێرشیان کردە سەر ناوچەکە و پاشان سوپای ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی کردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ٩٠٠ کەس کوژراون و لانیکەم ١٠٠ کەسیشیان بە بارمتە بردووە بۆ غەززە. بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانیشەوە لانیکەم دوو هەزار و ٧٠٠ کەس بریندار بوون و ژمارەی کوژراوان لە بەرزبوونەوەیە.

کەناڵە میدیاییەکە دەڵێ، گوندی کەفرئازا لەلایەن نزیکەی ٧٠ چەکداری حەماسەوە دەستی بەسەرداگیراوە. کاتێک سەربازانی سوپای ئیسرائیل گەیشتوونەتە گوندەکە، تەرمی نزیکەی ٤٠ منداڵی کوژراویان دۆزیوەتەوە، کە زۆرینەیان سەربڕدراون، لەکاتێکدا تەواوی ئەندامانی خێزانەکەیان گوللەباران کراون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی (تایمز ئۆف ئیسرائیل)، پێش چەند ڕۆژێک، سوپای ئیسرائیل ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی بردووەتە کەفرئازا، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە تاوانەکانی حەماس لە ناوچەکەدا ببینن.

ئیتای ڤێروڤ جەنەڕاڵ لە سوپای ئیسرائیل بە میدیاکانی گوت “ئەوە شەڕ نییە، مەیدانی جەنگ نییە، کۆمەڵکوژییە”.

پەیامنێری تەلەفیزیۆنی ئیسرائیل دیمەنەکەی بە “بەڕاستی ترسناک” وەسف کرد. ئەو دەڵێ ” لانیکەم نزیکەی ٤٠ کۆرپە، سەربڕدرابوون”.

هەواڵی کوژران و سەربڕینی ٤٠ منداڵی ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە، لەکاتێکدا دێت، کە بەرپرسانی حەماس و وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین دووپات لە هەڵکشانی ژمارەی منداڵانی کوژراو لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەکەنەوە.

بەگوێرەی ئەو وێنە و گرتەڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان لە کەرتی غەززە بڵاوکراونەتەوە، لەناو کوژراوەکانی کەرتی غەززەدا، لانیکەم ژمارەیەک منداڵی ساوا دەبینرێن.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە، تا پێشنیوەڕۆی دوێنێ سێشەم، ١٠ی تشرینی یەکەم، ٧٦٥ کەس بەهۆی بۆردمانی سوپای ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززەدا کوژراون و لەناو کوژراوەکانیشدا ١٤٠ منداڵ هەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...