هه‌واڵ

شاندێکی پڕۆژەی “هەژماری من” دەچێتە بەغدا

شاندێکی پڕۆژەی “هەژماری من” دەچێتە بەغدا و لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق و بەرپرسانی بانکی ناوەندی عێراق کۆدەبنەوە.

 

مەڕوان ئەحمەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەی “هەژماری من” لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٤، شاندێکی پڕۆژەی “هەژماری من” سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندی کۆدەبنەوە.

بەگوتەی ناوبراو، ئامانجی سەردانەکە، ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی وردەکارییەکانی پڕۆژەی “هەژماری من”ە، بۆ لایەنی عێراقی.

بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر ئاماژەیان بەوە کردووە، پڕۆژەی “هەژماری من” بە ڕەزامەندی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بانکی ناوەندی کاری لەسەر کراوە.

لە دوایین کۆبوونەوەی خۆی لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێداگیری کرد، کە دەبێت مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی “هەژماری من”ەوە مووچەکانیان وەربگرن. ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەوڵەکانی بەغدا بە ئاڕاستەی کارکردن بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی و بانکەکانی عێراقەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران دووپات لەوە دەکاتەوە، کە “هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ پشت بەستن بە پڕۆژەی (هەژماری من) کە پڕۆژەیەکی گرنگ و پێشکەوتووی بانکییە و هاوشێوەی پڕۆسەی (تەوتین)ە و تێچووەکەشی کەمترە و خزمەتگوزاریشی زیاتر و باشترە و لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانکی ناوەندی عێراق کراوە، بۆیە دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و (هەژماری من)ەوە، مووچەی خۆیان وەربگرن”.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران لە میانەی گوتارەکەی لە کۆنفرانسی ساڵانەی بانکی عێراقی، کە لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوود لە هەولێر بەڕێوەچوو، گوتی: “ئێمە پابەندین بەوەی تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، یەک ملیۆن مووچەخۆر، حیسابی بانکیان هەبێت و ئەم بەرنامەیەش خێراتر دەکەین و لەم ڕووەوە ئامادەسازیمان کردووە“. لەدوایین ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانیش، لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤دا، ئاماژە بەوە کراوەم کە بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ژمێرەی بانکییان بۆ بکرێتەوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا زیاتر لە ٢٤٠ هەزار هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێم دروست کراون و زیاتر لە ١٢٠ هەزار کارتی بانکی دابەش کراون.

تا ئێستا پێنج بانکی کەرتی تایبەت بەشدارییان لە پڕۆژەی “هەژماری من”دا کردووە، کە لە بانکەکانی (BBAC, Cihan, NBI،RT، IIB) پێکدێن و پێشبینی دەکرێت، بانکی دیکەیش بەشداری لە پڕۆژەکەدا بکەن. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دەڵێت دەرگا کراوەیە بۆ هەر بانکێک بەشداری پڕۆژەکە بکات، بە مەرجێک ڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراقی هەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...