هه‌واڵ

حەماس: ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکان بوەستێنێت لەماوەی کاتژمێرێک بارمتەکان ئازاد دەکەین

زێدپرێس

 

ڕیچارد ئەنگڵ، پەیامنێری ئێن بی سی، لەسەر سنووری ئیسڕائیل و غەززە، بە گوتەی خۆی کەمێک لەمەوبەر قسەی لەگەڵ بەرپرسێکی حەماس کردووە و بابەتی بەدیلگیراوەکانی ورووژاندووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بە گوتەی ئەو، دوێنێ، گوتەبێژی باڵی سەربازیی حەماس لە ڤیدیۆیەکدا ئۆفەرێکی پێشکەش کردووە، تێیدا گوتوویەتی حەماس ئامادەیە گشت بارمتە بیانییەکان ئازاد بکات ئەگەر بارودۆخە زەمینییەکان لەبار بن.

بەهۆی ناڕوونی لێدوانی گوتەبێژەکە و دیاری نەکردنی مەرجەکان، ڕیچارد پەیوەندی بە بەرپرسێکی حەماس کردووە و داوای ڕوونکردنەوەی لێ کردووە، پرسیویەتی مەرجەکان چین و مەبەستیان لە “بارودۆخە زەمینییەکان” چییە. بەرپرسەکە لە وەڵامدا گوتوویەتی ئۆفەرەکە هێشتا بەردەوامە و ئامادەن گشت بارمتە بیانییەکان ئازاد بکەن ئەگەر هێرشە ئاسمانییەکان لەسەر غەززە بوەستێنرێن.

ڕیچارد پرسیاری کردووە “ئەی چی لەبارەی ئیسڕائیلییەکان؟” ئەویش گوتوویەتی ئەو ئۆفەرە گشت هاووڵاتییەکان دەگرێتەوە، ئیسڕائیلییەکان و بیانییەکانیش، تەنیا پێویستە هێرشە ئاسمانییەکان ڕابگیرێن.

ڕیچارد درێژەی داوە و پرسیاری کردووە، ئەگەر هێندە تامەزرۆی ئازادکردنی بارمتەکانە لەبەرچی دەمودەست ئازادیان ناکەن و چاوەڕێی وەستانی هێرشە ئاسمانییەکان دەکەن، شوێنێکی سەلامەت بدۆزنەوە و بیاننێرنە ئەوێ. بەرپرسەکەش گوتوویەتی ئەوە لەڕووی لۆجستیکییەوە مەحاڵە، هیچ شوێنێکی سەلامەت نییە بەهۆی بۆمببارانکردنەوە. پەیامنێرەکە پێداگری کردووە و گوتوویەتی باوەڕ بە قسەکانی ناکات، دەبێت بەلانی کەم شوێنێکی سەلامەت هەبێت، یان سواری ئۆتۆمبێلیان بکەن و بیانبەنە سەر سنوور، لەوێ ئازادیان بکەن. بەرپرسەکە بەو قسەیە توڕە بووە و گوتوویەتی خۆ دانوستان یان چاوپێککەوتن ناکەین؟ ڕیچارد گوتوویەتی ئەو خەڵکە خێزانیان هەن و چاوەڕێیان دەکەن، لەبەرچی ئازادیان ناکەن. بەرپرسەکە گوتوویەتی، “لەبەرچی ئازادیان بکەین؟ با ئیسڕائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانی بوەستێت، لە ماوەی کاتژمێرێک ئازادیان دەکەین.”

سەبارەت بەو سەربازە ئیسڕائیلییانەی لە لایەن حەماسەوە بەدیل گیراون، بەرپرسەکە گوتی ئامادەن ئازادیان بکەن ئەگەر یەک بە یەکی دیلە فەڵەستینییەکانی لای ئیسڕائیل ئازاد بکرێن.

بەرپرسەکە گوتیشی دانوستانەکان لەگەڵ ئیسڕائیل دەستیان پێ کردووە، زۆر دەوڵەتی عەرەبی پەیوەندییان بە حەماسەوە کردووە، پەیامی گرووپەکەش لەڕێی ئەو دەوڵەتە ناوەندییانەوە بۆ ئیسڕائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆیشتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...