هه‌واڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: داتاکانی دەزگای چاودێری هەرێم و عێراق هاوتان

زێدپرێس

 

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، “داتاکانی دەزگای چاودێری هەرێم و عێراق لەبارەی لیست و تێچووی مووچەخۆران تا ڕادەیەکی زۆر هاوتان”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند، “ئێستا شاندی حکوومەتی هەرێم لە بەغدایە و بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دارایی عێراق و هەرێم لەگەڵ لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆدەبنەوە و گفتوگۆی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و داهاتەکانی ناوخۆ و تێچووی هەناردەی نەوت دەکرێت”.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، زیاتر دەڵێ “پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند داواکارییەکی ئاڕاستەی حکوومەتی هەرێم کردبوو کە لە گرنگترینیان هەماهەنگی نێوان هەردوو دەزگای چاودێری فیدڕاڵ و هەرێم بووە لەبارەی لیست و تێچووی مووچەخۆرانی هەرێم، کە تا ڕادەیەکی زۆر داتاکان هاوتان و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لێژنەی دارایی لەگەڵ شاندی هەرێم ئەو پرسەش تاوتوێ دەکرێت”.

گوتیشی “لەسەر هەمان پرس شاندی هەرێم دوێنێ سێشەم لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامانی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبۆوە و هەردوولا هاوڕابووین کە پێویستە مووچە و قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان جیابکرێتەوە و بەربەستەکانی بەردەم ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم تێپەڕێندرێن”.

ئەمڕۆ چوارشەم، ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دارایی هەرێم و عێراق لەگەڵ لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبنەوە و ئەنجامی کارەکانی دوو مانگی ڕابردووی دەستەی چاودێری هەردوولا دەخرێتە بەردەم لێژنەی دارایی و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی، پرسی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیگەی گفتوگۆکە دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button