هه‌واڵ

بایدن: وا دەردەکەوێت ئیسڕائیل هێرشی سەر نەخۆشخانەکەی غەززەی ئەنجامنەدابێت

زێدپرێس

 

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئیسڕائیل و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکی ئیسڕائیل و لەبارەی بۆردمانی نەخۆشخانەکەی غەززە، ڕایگەیاند، “پاڵپشت بەو شتانەی بینیومن، وا دەردەکەوێت لەلایەنەکەی دیکەوە ئەنجامدراوە”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل و لە فڕۆکەخانەی بن گۆریون دابەزی.

دواتر، جۆ بایدن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لێدوانی بۆ ڕۆژنامەنووسان دا.

لەبارەی بۆردمان/تەقینەوەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە، گوتی “پاڵپشت بەو شتانەی بینیومن، وا دەردەکەوێت کە لەلایەن لایەنەکەی دیکەوە ئەنجامدراوە”.

سەرۆکی ئەمریکا، کردەوەکانی حەماسی بە “دڕاندانە” و خراپتر یان هاوشێوەی داعش وەسف کرد.

گوتیشی: “دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین، کە حەماس نوێنەرایەتی هەموو گەلی فەڵەستین ناکات و تەنیا ئازاری بۆ هێناون”

سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: “بە قوڵی دڵتەنگم و توڕەم بەهۆی تەقینەوەکەی دوێنێی نەخۆشخانەی غەززە”. بانگەشەی کرد، بە پشتبەستن بەو شتانەی کە بینیویەتی، وا دەردەکەوێت کە لەلایەنی بەرانبەرەوە کراوە نەک ئیسڕائیل.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا ئەوەی پێویستە بۆ بەرگریکردن لەخۆی، بە ئیسڕائیلی دەدات. کۆتایی بە قسەکانی هێنا و گوتی “ئازایەتی گەلی ئیسڕائیل سەرسوڕهێنەرە” و شانازی بەوەوە دەکات کە لەوێ بووە.

بنیامین ناتانیاهۆ کە لە سەرەتای کۆنگرەکەدا قسەی کرد. سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد، بۆ سەردانەکەی و “پشتگیریی بێچەندوچوونی لە ئیسڕائیل”.

هەروەها، ئاماژەی بەوە کرد، حەماس ژن و منداڵیان کوشتووە. “منداڵیان بە بەرچاوی دایک و باوکیانەوە کوشت و دایک و باوکیان بە بەرچاوەی منداڵەکانیانەوە کوشت”.

ناتانیاهۆ زیاتر گوتی “من هەموو ڕۆژێک پشتگیری ئێوەم بینیوە و قووڵی و فرەوانی هاوکاری کە لە سەرەتاوە هەمانە، ئاستێک لە هاوکاری کە بەڕاستی لە مێژووی هاوپەیمانییە گەورەکەی نێوان هەردوو گەلەکەماندا بێوێنەیە”.

“ئێمە ئەو پشتگیرییە لەو پەیامە ڕوونەدا دەبینین، کە ئێوە بۆ دوژمنەکانمان دەنێرن بۆ ئەوەی ئیرادەی ئێمە تاقی نەکەنەوە”، ناتانیاهۆ وای گوت.

ئەو، پێداگیری لەسەر “تێکشکاندن و لەناوبردنی حەماس” کردەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...