هه‌واڵ

سوپای عێراق بە تەواوەتی لە سەربازگەی تۆپزاوا کشایەوە

زێدپرێس

 

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سوپای عێراق دەستیکرد بە هەڵگرتنی ئەو دیوارە کۆنکرێتییەی لەدەوری سەربازگەی تۆپزاوا، وەک پەڕژینێك داینابوو.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕۆژانی ١٥-١٦ی تشرینی یەکەم، فیرقەی 11 سوپای عێراق، چووە ناو سەربازگەی تۆپزاوا لە شاری کەرکووک، بە مەبەستی دووبارە دانانەوەی سەربازگەکە، ئەمەش ناڕەزایەتی دانیشتووانی گوندی تۆپزاوا و  نووسەران و چالاکان و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆسایدی بە دوای خۆیدا هێنا.

سەربازگەی تۆپزاوا، یەکەمین وێستگەکانی ڕاپێچکردن و گواستنەوەی ئەنفالکراوانی کوردستانە، پاش ئەوەی لەو سەربازگەیەدا کۆکرانەوە، پاشان بۆ نوگرەسەلمان و بیابانەکانی خوارووی عێراق ڕاپێچ و زیندەبەچاڵکران.

ساڵانێکە نووسەران و چالاکانی بواری جینۆساید داوا دەکەن، سەربازگەی کۆنی تۆپزاوا بکرێتە مۆنۆمێنتێک، کە یادەوەری ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کوردستان پیشان بدات، لەکاتێکدا سوپای عێراق بەردەوام هەوڵدەدات سەربازگەیەکی لەسەر دابمەزرێنێتەوە.

لە دژی ئەو هەنگاوەی سوپای عێراق، ڕۆژی ١٦ی مانگ، دانیشتووانی گوندەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هاوکات نووسەران و چالاکان و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید، یاداشتێکیان گەیاندە دەستی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لە یاداشتەکەدا داوایان کردبوو، سەربازگەکە بکرێتە مۆنۆمێنتی تایبەت بە قوربانییانی ئەنفال.

له ژێر گوشارەکاندا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم، فەرمانی بە سوپای عێراق کرد، سەربازگەکە چۆڵ بکەن، ڕاستەوخۆ سوپا بە تەواوەتی کشایەوە و تەنیا کۆنکرێتە جێگیرکراوەکانی دەوری سەربازگەکە مابوونەوە، کە ئەمڕۆ پێنجشەم ئەوانیش هەڵگیرانەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...