پاسەوانی سنوری عێراق ١٩ کۆڵبەری کورد دەستگیر دەکات
زێدپرێس
ئەمڕۆ یەکشەم، ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراق/ناوچەی یەک، کە سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی ١٩ کەس بڵاوکردەوە، کە دەیانویست “بە ڕێگای قاچاغ لە خاکی ئێرانەوە بێن بۆ عێراق”، ڕاگەیەندراوەکە وا دەڵێ.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دەستگیرکراوەکان کۆمەڵێک کەرەستەیان پێ بووە، لەناویاندا؛ ٧٢ کارتۆن جگەرە، ١١٤ ئامێری سەتەلایت، ٢ کارتۆن کرێمی ڕووخسار و کارتۆنێک تووتنی نێرگەلە.
بەگوێرەی وێنەی دەستگیرکراوەکان کە لەلایەن پاسەوانی سنورەوە، هاوپێچی ڕاگەیەندراوەکە کراوە و هەروەها بەپێی بەدواداچوونی زێدپرێس، دەستگیرکراوەکان لە کۆڵبەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
هێزەکانی پاسەوانی لە سنورەکانی هەرێمی کوردستاندا، لە چەند لیوایەکی سەربازی سەربە پارتی و یەکێتی پێکدێن، کە ژێر فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراق و سوپای عێراقدان.