هه‌واڵ

حکوومەتی هەرێم: تەواوی شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر بە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کۆنتڕۆڵ کرا

زێدپرێس

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم، کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر بە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ ڕادەگەیەنێت. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەهەردوو حاڵەتی زیاتر لە کاتی دیاریکراو و کەمتر لە کاتی دیاریکراو بە سەرپێچی تۆمار دەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

فەرمانگەکە، ئەمڕۆ دووشەم ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بڵاویکردەوە، کامێراى خاڵ بۆ خاڵ لە تەواوی شەقامیی خێرای ١٢٠ مەتریی شارى هەولێر کەوتوونەتە کار و وردیی کامێراکەش لە تۆمارکردنی سەرپێچیدا، ڕێژەى بەرزی مەترسی و ڕووداوەکان لەسەر شۆفێران کەم دەکاتەوە.

لەبارەى چۆنییەتی کارکردنی کامێراى خاڵ بۆ خاڵ، لە زاری فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتوچۆى هەولێر، ڕایگەیاند: “سەرجەم کامێراکان لەم سیستەمەدا پێکەوە بەستراونەوە، هەموو کامێرایەک خۆکارانە وێنەی ئۆتۆمبێلەکان تۆمار دەکات، بەوەش دوو جۆر سەرپێچی تۆمار دەکەن، یەکەمیان ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لە خێرایی دیاریکراو تێپەڕی کردبوو، ئەمە لەلایەن کامێراکەوە وەکوو سەرپێچی تۆمار دەکرێت. سەرپێچیی دووەمیش کاتێک تۆمار دەکرێت، لە کاتی خەمڵێندراوی نێوان دوو کامێرا، ئۆتۆمبێل بەپێی خێراییی و کاتی دیاریکراو نەگاتە خاڵی دووەمی کامێرا.”

ڕوونی دەکاتەوە، سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ، لەسەر بنەماى خەمڵاندنی دوورى و کاتی نێوان کامێراکان دانراوە. بۆ نموونە گەر دووریی نێوان دوو کامێرا ٢ کیلۆمەتر بێت و پێویست بێت بە ٨٠ چرکە ببڕدرێت، ئەمە یاساییە، بەڵام گەر بە ٧٠ چرکە بڕدرا، ئەمەیان سەرپێچییە، چونکە ئاماژەیە بۆ ئەوەى ئۆتۆمبێلەکە بە خێرایی زۆرتر لە ڕێگەپێدراو لە نێوان هەردوو کامێرا لێیخوڕیوە.

لەبارەى دابەشکاریی سایدى شەقامەکانەوە گوتەبێژەکە گوتی: “لە شەقامی ١٢٠ مەتری، چوار لاى شەقاممان هەن؛ شەقامی هێواش (لاى راست) تەنیا بۆ بارهەڵگرەکانە؛ ئەگەر بێت و ساید بگۆڕن، ئەمە وەکوو سەرپێچی هەژمار دەکرێت. گەر خێراییشیان لە ٨٠کم زیاتر بێت، ئەوەش هەر سەرپێچییە. بەوەش کە بارهەڵگر ڕێڕەو لە ڕاستەوە بگۆڕێت و لە ٨٠کم زیاتر بڕوات، ئەمە دوو سەرپێچییە. لەبارەى ئۆتۆمبێلی بچووك و بارهەڵنەگرەوە، لە خوار خێرایی ١١٠ لە هەر سایدێک ڕێ بکەن، ئاساییە و سەرپێچی نییە.”

حاجی گوتیشی: “دانانی کامێراکان، شەقامەکەى هێواش نەکردووەتەوە و قەرەباڵغی دروست نەکردووە، بەڵکوو شەقامەکەى زیاتر ئاسایشمەند کردووە و ڕووداوەکانی کەم کردووەتەوە، چونکە ڕێگە دەدات شۆفێران بە خێرایی ١١٠کم ڕێ بکەن.”

شەقامی ١٢٠ مەتری، ٣٧ کیلۆمەترە، ١١ ئۆڤەرپاس و ٥ ئەندەرپاس لەخۆدەگرێت. پانیی شەقامە سەرەکییەکە ١٥ مەتر بۆ هەر سایدێکە، هەر سایدێک چوار ڕێڕەوی تێدایە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...