هه‌واڵ

ڕوونکردنەوەی وەزارەتی دارایی لەبارەی داهاتی ناوخۆ و دابینکردنی مووچە

زێدپرێس

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم لەزاری بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان ڕوونکردنەوە لەسەر داهات و خەرجییەکانی حکوومەت دەدات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەولوود سابیر بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی لەبارەی داهات و پارەی مووچەوە دەڵێت: “مانگانە داهاتی كۆتایی ١٧٠ ملیار دینارە و بۆ مووچە و خەرجییەكانی حكوومەت خەرج دەكرێت.”

مه‌ولوود سابیر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند بە هەڵە لێكدانەوەیەك لە بابەتی ئەژماركردن و لێكدانەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەموو داهات بە نەقدی نییە تاوەكوو بۆ مووچە تەرخان بكرێت، بۆ نموونە دەگوترێت ٣٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە، ئەو لێكدانەوەیە هەڵەیە، بەڵكوو دەبێت داهاتی كۆتایی ئەژمار بكەین، بزانین چەندە.”

ڕونیشیکردەوە: “داهاتی كۆتایی ئەو بڕەیە، كە وەكوو نەقد دەتوانین بۆ مووچە و پێشینەی فەرمانگەكان و پێداویستیی حكوومەت بەكاری بهێنین، ئێمە لە بانك قەیدمان هەیە، ئەوەش نەقد و كاش نییە، گەڕانەوەی پێشینە و قەرزەكان بە داهات ئەژمار كراوە، ئەوەش داهات نییە، بەڵكوو یەكلاكردنەوە و تەسوییەیە.”

مه‌ولوود سابیر داهاتی ئاشکرا کرد و گوتی: “داهاتی نەقد ئەوەی هەیە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی، مانگانە ١٧٠ ملیار دینارە و داهاتی كۆتاییە.”

مەولوود سابیر ئاماژەی بەوەش کرد كە هەندێك لە وەزارەتەكان بەشێكی داهات بۆ خۆیان دەگێڕنەوە و خەرجی دەكەن، گوتیشی: “بۆ نموونە، لە هاتوچۆ لە وەزارەتی ناوخۆ ٢٥٪ی داهات بۆ خۆیانە و هەموو داهاتەكە بۆ ئێمە نییە، تاوەكو بەكاری بهێنین، لە زۆر لە وەزارەتەكان رێژەیەك لەو داهاتەی دەستیان دەكەوێت و دێتە بانكەكان دیاری كراوە، رێژەكە بۆ خۆیان بەكاری دەهێنن.”

مه‌ولوود سابیر دەشڵێت: “وەكوو حكوومەت بە شەفافی كار دەكەین و داتاكانیش هەمووی لەبەردەستمانن و بە بەڵگە هەن، بەڵام لە باسی داهات ناتێگەیشتن هەیە، داهاتی كۆتایی ئەوەیە كە ئێمە دەتوانین وەكوو نەقد بۆ مووچە و خەرجییەكانی حكوومەت بەكاری بهێنین، كە چەندین خەرجیی هەیە و بەردەوام پێویستی بە پارە و تەمویل هەیە.”

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە مانگانە پێویستی بە ٩٤٠ ملیار دینار هەیە، ئەوە جگە لە پێشینەی مانگانەی وەزارەتەكان و خەرجییەكانی حكوومەت.

هاوکات بەهۆی کەمی سیولە و کاش لەبانکەکان کورتهێنان لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە دروست بووە و لەسەرەتای ئەمساڵەوە داهاتی ناوخۆ بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ کراوە کە داهاتی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣ ، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ بەکارهێنراوە و ئەو دۆخە درێژ بۆتەوە تا ئەو کاتەی داهاتی مانگەکانی ٧ و ٨ و ٩ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگەکانی ٦ و ٧ بەکارهێنراوە کەهەردوو مانگەکە ٥٣٥ ملیار دینار کورتهێنان هەبووەو بەداهاتی ناوخۆی ٣ مانگ پڕکراوەتەوە، ئەوە جگە لەخەرجی بەکاربردن کە مانگانە نزیکەی ١١٠ ملیار دینارە و خەرجی بەرهەمهێنانی کارەباش مانگانە زیاتر لە ١١٠ ملیار دینارە کە هەمووی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت، ئەوە سەرەڕای دابەزینی بەردەوامی داهاتی ناوخۆی سنوری پارێزگای سلێمانی کە بەردەوام گرفتی بۆ دابەشکردنی مووچە دروست کردووە و ناتوانرێت کورتهێنانی مووچە و خەرجییەکانی پێ پڕ بکرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button