هه‌واڵ

خەرجی حکوومەتی هەرێم بۆ ئاوی خواردنەوە ساڵانە ٥٠٠ ملیار دینارە

زێدپرێس

 

بەگوێرەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانە خەرجی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە ٥٠٠ ملیار دینارە و لە هەر ڕۆژێکدا ٣ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بە پێوەرى جیهانی بەرهەم دێت و دەگەیەنرێتە ماڵان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێم، لە زاری ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “توانای بەرهەمهێنانی پرۆژە و بیرەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژێکدا زیاتر لە ٣ ملیۆن مەتر سێجا ئاوە؛ ئەوەش لە وەرزێک بۆ وەرزێکی تر دەگۆڕێت”.

زیاتر دەڵێ: “ئەو ئاوەی بەرهەم دێت لە بیرەکان و پڕۆژەکان و کانییەکان هەر هەمووی دوای پشکنین و دڵنیابوونەوە، بەگوێرەی ستانداردەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ستانداردی عێراقی بۆ ئاوی خواردنەوە بەکاردێت.”

ئاری ئەحمەد دەشڵێت: ”پرسی پاککردنەوەى ئاو پرسێکی فیزیایی و کیمیاییە، زیاتر لە ١٠ پشکنینی کیمیایی و ٤ پشکنینی فیزیایی و ٣ پشکنینی بایۆلۆجی بۆ دەکرێت. تێچووی ئەم پڕۆسەیە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان ساڵانە ٥٠٠ ملیار دینارە.”

بەگوتەی هیوا عەبدولرەزاق، سەرپەرشتیاری ئاوی ئیفرازی سێ، پاککردنەوەى ئاو لە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی سێ، کە سەرچاوەکەى زێی گەورەیە، بە ٥ قۆناغ تێپەڕ دەبێت: “لە ڕووبارەکە وەردەگیرێت و بە چەند پەمپێکی گەورە ئاوەکە دەهێنرێنە ناو پڕۆژەکە و لەوێوە بە ٥ پڕۆسە کاری لەسەر دەکرێت، تا بۆ هاووڵاتییان دەنێردرێت.”

سەرپەرشتیاری ئاوی ئیفرازی سێ هێمای بۆ ئەوەش کرد، “لە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی سێ هیچ کێشەیەک نییە و ئەو ئاوەی کە پاکیش دەکرێتەوە، بە گوێرەی ستانداردی جیهانییە.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...