هەڵەبجە؛ لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک تەقە لە پۆلیس دەکات
زێدپرێس
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەم، ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لەلایەن تۆمەتبارێکەوە و لەکاتی دەستگیرکردنیدا، بە چەکی کلاشینکۆف ڕووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بووەتەوە و دوو کارمەندی پۆلیسی بریندار کردووە.
تۆمەتبارەکە بەناوی (س. ک. ی.) تەمەنی ٣٨ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی شێخ ئیسماعیلی پارێزگای هەڵەبجەیە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێ، مەفرەزەیەکی هاوبەشی هەردوو بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە چوون، کە دوو فەرمانی دەستگیرکردنی لە دادگای کەتن و دادگای لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە هەبووە، بەڵام تۆمەتبارەکە خۆی بەدەستەوە نەداوە و بە چەکی کلاشینکۆف تەقەی لە مەفرەزەکەی پۆلیس کردووە و دوو کارمەندی پۆلیسی بریندار کردووە.
دواتر، تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە، وەک ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژەی بۆ دەکات، “بەبڕیاری دادوەر بەندکراوە و دەست بەسەر چەکەکەیدا گیراوە”.
زیاتر دەڵێ “ئەم تۆمەتبارە هەشت دۆسیەی لێکۆڵینەوەی هەیە، بەپێ ماددەی خراپ بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندی و هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و پێشینەی تاوانی هەیە و دووجار لە دادگای کەتن سزا دراوە بۆ ماوەی ساڵێک و شەش مانگ”.
بەپێی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، فەرمانەکانی دەستگیرکردنی ئەمجارەی تۆمەتبارەکە، بەپێی ماددەی ٢٢٩ی یاسای سزاکان لە دادگای کەتن و ماددەی ٢ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییە لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە.