هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: مامۆستایان قەرەبوو دەکرێنەوە

زێدپرێس

 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دڵنیایی لە قەرەبووکردنەوەی مامۆستایان دەدات و دەڵێ، “بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین مافی هیچ مامۆستایەك بفەوتێت. هەموویان قەرەبوو دەكرێنەوە”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەیەکی نوێ لە شاری هەولێر ئامادەبوو.

سەرۆکی حکوومەت، گوتارێکی پێشکەشکرد و دووپاتی لەوە کردەوە، کە مافی مامۆستایان لەوەی پێوەندی بە مووچە و شایستە داراییەکانیان هەیە، نافەوتێت و هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە.

مەسرور بارزانی لە سەرەتای گوتەکانیدا، باسی لەوە کرد، “دەزانم كەموكورتیمان لە زۆر شوێن هەیە، بەڵام ئەوەی حكوومەت لەسەریەتی و لە توانایدایە، بەردەوام دەبێت لەوەی كە قوتابخانەی نوێ دروست بكەین یان ئەو قوتابخانانەی كە هەن، نۆژەنیان بكەینەوە”. زیاتر گوتی “تا ئێستاش زۆر لەو قوتابخانانە نۆژەنكراونەتەوە و هەندێك قوتابخانەی نوێش دروست كراون، بەڵام ئێمە پێویستیمان بە زۆر قوتابخانەی زیاتر هەیە لەسەر ئاستی هەموو كوردستان و لەم ڕووەوە بەردەوام دەبین”.

هاوکات، ئاماژەی بە چاکسازی لە کەرتی پەروەردە کرد و ڕایگەیاند: “لە بابەتی چاکسازی لە كەرتی پەروەردە، ئەم كابینەیە كاری زۆری كردووە”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، سوپاسی ئەو مامۆستایانەی کرد، کە بەردەوامن لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن و گوتی “دەزانم كە دۆخی ژیانیان سەختە و ئاسان نەبووە، بە تایبەتی ئەم ماوەیەی ڕابردوو كە بابەتی مووچە بووەته‌ بابەتێكی سەرەكیی، بە تایبەتی ئەوانەی كە جگە لە مووچە، هیچ داهاتێكی تریان بۆ بژێویی ژیانی خۆیان نییە. بەڵام مامۆستاكان بە لەخۆبردوویی هاتوون وانە دەڵێنەوە، من سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم”.

سەبارەت بەو مامۆستایانەیش تا ئێستا دەستیان بە دەوام نەکردووەتەوە، گوتی “ئەو مامۆستا بەڕێزانەی تریش كە تاكوو ئێستا نەیانتوانیوە بەردەوام بن لە خوێندن و داوای مافەكانی خۆیان دەكەن، من لێرە دەمەوێ پاڵپشتیی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەربڕم. منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان كە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەكانی ئەوان دابین بكرێت”.

بەڵام وەک گوتی “پێویستە ڕووی ڕەخنەكانمان لەو لایە بێت كە هۆكارە بۆ بڕین یان دواخستنی مووچەكانیان. حكوومەتی هەرێم هۆكار نییە، حكوومەتی هەرێم زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین كات مووچەكانیان بۆ دابین بكات، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی داوای ئەو مافەی مامۆستایان و هەموو فەرمانبەرانی تری خەڵكی كوردستان بكەین”.

سەرۆکی حکوومەت ڕەخنەی لە “هەندێک لایەن” گرت، کە “لەوانەیە سواری شەپۆلەكە بووبن و یاری بە هەستی مامۆستا بكەن. ئەوانەی كە ئێستا هانی مامۆستایان دەدەن كە نەیەنەوە بۆ پۆلەكان و قوتابخانەكان، دەیانەوێ تۆڵەی ئەوانەی مووچەكانیان بڕیوە لە قوتابییەكان بكەنەوە، كە ئەمە بەهیچ جۆرێك شیاو نییە”.

لەو ڕوانگەیەوە داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، “با ئەوانیش بێن لەگەڵ ئێمە داوای مافی مامۆستایان و هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن لەو شوێنەی كە مافەكانیان پێشێل كردووین”.

زیاتر گوتی، “حكوومەتی هەرێم حكوومەتی ئێوەیە، شتێك نییە جیاواز بێت لە ئێوە، لە خزمەتی ئێوەدایە و بەردەوامیش دەبین. دڵنیاشتان دەكەینەوە كە بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نادەین مافی هیچ مامۆستایەك بفەوتێت. هەموویان قەرەبوو دەكرێنەوە، پێش ماوەیەكیش گوتم كە تەنیا ئەوەی قەرەبوو نەكرێتەوە خوێندنی منداڵانە، كە هیوادارم مامۆستا بەڕێزەكان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەكان و لەگەڵ قوتابییە خۆشەویستەكان بەردەوام بن لە وانەگوتنەوە و پەروەردەكردنی قوتابی لەسەر بنەمایەكی تەندروست”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...