ههواڵ
لە هێرشێکی درۆنی لە سنوری ڕانیە دوو ژن بریندار بوون
زێدپرێس
لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی لە گوندی بۆسکێنی دەڤەری ڕانیە، دوو ژن بریندار بوون.
هێرشەکە کەمێک پێش ئێستا ئەنجامدرا و گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە هاووڵاتییەکی دەڤەرەکە بۆ زێدپرێسی ناردووە، دیمەنی قوربانییەکان پیشان دەدات کە لە سەر شەقامی سەرەکی گوندەکە کەوتوون و خەڵکێکی زۆر دەوریانداون.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی زێدپرێس، دوای گەیشتنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شوێنی ڕووداوەکە، هەردوو بریندارەکە بۆ نەخۆشخانەی ڕانیە گواستراونەتەوە، بەمەبەستی فریاگوزاری تەندروستی و چارەسەری پزیشکی.
هێشتا ناسنامەی بریندارەکان بۆ زێدپرێس ڕوون نییە، بەڵام سەرچاوەیەک گوتی، گومان دەکرێت قوربانییەکان ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان/پەکەکە بن و لەلایەن تورکیاوە بە ئامانجگیرابن.