هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: ساڵانە زیاتر لە ٧٠ ملیار بۆ چارەسەرییەکانی شێرپەنجە خەرج دەکرێت

زێدپرێس

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، ساڵانە زیاتر لە ٧٠ ملیار دینار بەمەبەستی دابینکردنی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک بەردی بناخەی سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بە تیشک (LINAC Radiation)ی دانا و گوتارێکیشی پێشکەش کرد.

لە سەرەتای گوتارەکەیدا، باسی لەوە کرد، یەکەمجارە ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییە لە دهۆک پێشکەش دەکرێت و وا دەکات هاووڵاتییانی سنورەکە پێویستیان بەوە نەبێت بۆ ئەو چارەسەرییە، بچنە دەرەوەی وڵات یان شارەکانی دیکە.

مەسرور بارزانی، ئاماژەیدا، کە لە هەرێمی کوردستاندا، چەندین نەخۆشخانە و ناوەندی چارەسەری شێرپەنجە هەن و مانگانە هەزاران کەس بە مەبەستی چارەسەری سەردانیان دەکەن، کە جگە لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، خەڵک لە پارێزگاکانی عێراقیشەوە، سوودیان لێوەردەگرن.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “خەرجی چارەسەری شێرپەنجە گەلەک گرانە، لەبەر ئەوە وڵاتانی پێشکەوتوو، زۆر دامودەزگا و ڕێکخراوی مرۆیی و کەسایەتی، هاوکاری و پشتیوانی ماددی ناوەندەکانی نەخۆشی شێرپەنجە دەکەن”.

ئەوەشی بیرخستەوە، کە لە هەرێمی کوردستان، یاسایەکی تایبەت بە سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە هەیە و ساڵانە لەڕێگەی سندووقەکەوە زیاتر لە ٧٠ ملیار دینار بۆ دەرمان و ئامێر و پێویستییەکانی پزیشکی بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە دابین دەکرێت.

مەسرور بارزانی، داوایشی لە حکوومەتی فیدڕاڵی کرد، لەڕووی دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشكییەوە پتر هاوکار و هاریکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت، بەتایبەت بۆ ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان.

داوایشی لە ڕێکخراوەکانی ناوخۆیی، نێودەوڵەتی و کەسایەتی “خێرخواز” کرد، هاوکاری و پشتیوانی نەخۆشانی شێرپەنجە و نەخۆشخانە و ناوەندەکانی چارەسەری شێرپەنجە بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...