هه‌واڵ

هەولێر؛ حاڵەتەکانی پەلاماریی سەگ بۆ دوو ئەوەندەی مانگی پێشوو بەرزبوونەتەوە

زێدپرێس

 

لەماوەی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، سەگی بێلانە پەلاماری ٦٨ هاووڵاتییان لە شاری هەولێر داوە، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی لە مانگی پێشووتردا سەگی بێلانە پەلاماریداون تەنیا ٣٦ حاڵەت بووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر، لە مانگی ڕابردوو (تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣)، ٦٨ حاڵەت گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکە کە لەلایەن سەگی بێلانەوە پەلاماردراون، لەکاتێکدا مانگی پێشووتر (ئەیلوولی ٢٠٢٣) تەنیا ٣٦ حاڵەت تۆمارکراوە، ئەوەش هەڵکشانێکە بەنزیکەی دوو ئەوەندی مانگی پێشتر. هەروەها، بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، سێ حاڵەتی پەلاماریی سەگ زیادی کردووە، لەکاتێکدا لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بەدیاریکراوی ٦٥ حاڵەت تۆمارکرابوو، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا، ژمارەکە بۆ ٦٨ حاڵەت هەڵکشاوە.

ئەو ئامارانە لەکاتێکدا دێن، کە لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، حاڵەتەکانی پەلاماریی سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییانی شارەکە بەڕێژەی ٣٠٪ لە کورتیداوە، ئەوەش بەهۆی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لەو پەناگەیەی بەتایبەت بۆ سەگی بێلانە دروستکراوە.

بەپێی ئامارەکانی زێدپرێس، لە ١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ڕابردوو(تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣)، ٦٣٤ هاووڵاتی لە شاری هەولێر لەلایەن سەگی بێلانەوە پەلاماردراون، ئەو ئامارەیش تەنیا ئەو ژمارەیە دەگرێتەوە، کە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر تۆمارکراون.

کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە شاری هەولێر بەردەوامە و بەگوێرەی گوتەی پارێزگاری هەولێر، تا ٢٢ی مانگی ڕابردوو، زیاتر لە هەزار سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە و خراونەتە پەناگەی سەگی بێلانەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...