هه‌واڵ

دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان دواخرا

زێدپرێس

 

دانیشتنی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دواخرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، بڕیاربوو لەسەر سکاڵایەکی پێوەست بە نایاساییبوونی چەند ماددەیەکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دواخرا.

سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون سەرۆکی فراکسیۆنی ڕافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.

تا ئێستا، دادگای فیدڕاڵی چەندین جار کۆبوونەوەی بۆ بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی سکاڵاکە خستووەتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی خۆیەوە، بەڵام هەموو جارێک کۆبوونەوەکە دواخراوە.

لە ئەگەری سەرگرتنی سکاڵاکە، دەگوترێت، پێنج کورسی کۆتای تورکمان و کورسییەکی کۆتای ئەرمەن هەڵدەوەشێنرێتەوە و سیستەمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ فرەبازنەیی دەگۆڕێت.

دواخستنی یەکلاکردنەوەی سکاڵای پێوەست بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، لەکاتێکدا دێت، پێشتر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشانکردووە.

پاش هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بۆشاییەکی یاساییەوە و بەکردەیی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە حکوومەتی کاربەڕێکەر ماوەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...