هه‌واڵ

دوو کەس بە ٣٤٠ کارتی بانکییەوە دەستگیرکران

زێدپرێس

 

لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقەوە، دوو تۆمەتبار بە ٣٤٠ کارتی بانکییەوە دەستگیرکران، کە هەوڵیانداوە پارەکە بەنایاسایی و قاچاغ ببەنە دەرەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق، ڕایگەیاند، دوو تۆمەتباریان بە ٣٤٠ کارتی بانکییەوە دەستگیر کردووە.

فەرماندەیی پاسەوانی سنور، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە درێژەی هەوڵەکانیان بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی بەقاچاخبردنی دراو، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی گومرگی زەرباتییە، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گومرگی ناوچەی سێ، ئەو دوو تۆمەتبارەیان بە ٣٤٠ کارتی بانکی جیاجیاوە دەستگیرکردووە.

زەرباتییە، لەڕووی کارگێڕییەوە شارەدێییەکی سەر بە پارێزگای واست و دەروازەیەکی سنوری نێوان عێراق-ئێرانە.

شوێنگەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان، پیشانی دەدات کە مەبەستیان گواستنەوەی کارت و پارەکان بۆ ئێران بووبێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەریەک لە کارتە بانکییەکان بڕێک پارەیان تێدا بووە، بەڵام ئاماژە بە بڕی پارەکە و جۆری دراوەکە نەکراوە، کە گومان دەکرێت دۆلار بێت، لەکاتێکدا بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران، گرفتێکی گەورەی بۆ عێراق درووستکردووە و بەهۆیەوە ئەمریکا بەردەوامە لە گوشاردانان لەسەر حکوومەتی عێراق، لەکاتێکدا دۆلار لە عێراقەوە بە قاچاغ بە ئێران و ئەو گرووپ و ڕێکخراوانە دەگات، کە ئەمریکا خستوونیەتییە لیستی تیرۆرەوە و نایەوێت دۆلاریان بەدەست بگات.

فەرماندەیی پاسەوانی سنور، ئاشکرای کردووە، کە هەردوو تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکە، هەوڵیانداوە کارتە بانکییەکان بۆ مەبەستی بەقاچاخبردنی دراو بەکاربهێنن، پێش ئەوەی لەلایەن هێزەکانیانەوە، بەخۆیان و کارتە بانکییەکانەوە دەستگیربکرێن.

زیاتر دەڵێ، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و تۆمەتباران و کارتە بانکییە دەستبەسەرداگیراوەکان ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون.

لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراق، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی بە ٦٢ کارتی بانکییەوە ڕاگەیاند، کە دەیویست لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسڕەوە، کارت و پارەکە بە قاچاغ بۆ دەرەوەی عێراق بگوازێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...