هه‌واڵ

سێ شاری کوردستان لە لیستی کۆنترین شارە مێژووییەکانی جیهان دیاریکران

زێدپرێس- محەمەد عەبدوڵا

 

سێ شاری کوردستان، دووانیان لە باشوری کوردستان و یەکێکیان لە باکوری کوردستان، لە ڕیزبەندی لیستی کۆنترین شارە مێژووییەکانی جیهان دیاریکران، کە لەو ڕۆژەوەی ئاوەدانکراونەتەوە تاکوو ئێستا ژیانیان تێدا بەردەوامە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

گۆڤاری سی ئۆ ئی ئەمریکی ئەمڕۆ سێشەم، ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ڕیزبەندی لیستی ٢٦ کۆنترین شارە مێژووییەکانی جیهانی بڵاوکردەوە.

لە لیستەکەدا شاری هەولێر پلەی چوارەمی لە ڕیزبەندەکەدا وەرگرتووە و بەپێی ڕاپۆرتەکە، شاری هەولێر ٦ هەزار ساڵ پێش زایین ئاوەدانکراوەتەوە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت پێشتر شارەکە لەلایەن ئاشورییەکان و سەلجوقییەکان و عوسمانییەکانەوە داگیرکراوە، بەڵام تاکوو ئێستا وەکوو نمونەیەکی هەمەجۆری نەتەوەیی و ئایینی ماوەتەوە، کە کورد و ئاشوری و ئەرمەنی و عەرەب و تورکمانی عێراقی تێدا دەژن.

ئەوەی جێی سەرنجە لە ڕیزبەندیەکەدا هەولێر لە پێش ئەستەنبوڵی تورکیا و ئەسینای یۆنانەوە هاتووە، کە بە دوو شاری مێژوویی دادەنرێن و پلەی شەشەم و هەشتەمیان وەرگرتووە.

هەر لەناو شارەکانی کوردستاندا، شاری دیلۆك (عەنتاب) لە باکوری کوردستان پلەی ١٤هەمینی وەرگرتووە کە سێ هەزار و ٥٠٠ ساڵ پێش زایین لە سەردەمی چاخی بڕۆنزدا ئاوەدانکراوەتەوە.

شاری کەرکووکیش لە باشوری کوردستان لە ڕیزبەندی ٢٠هەمین دێت، کە دوو هەزار و ٢٠٠ ساڵ پێش زایین ئاوەدانکراوەتەوە و تاکو ئێستاش ژیان تێیدا بەردەوامە. ئەو شارە کورد و عەرەب و تورکمانی تێدا دەژین، هەروەها شوێنەواری دێرینی ئەکەدییەکان و ئاشورییەکان و جوویشی تێدایە.

جێی ئاماژەپێدانە کە شاری ئەریحا لە کەرتی ڕۆژئاوای فەڵەستین ڕیزبەندی یەکەمی لیستەکەی وەرگرتووە، کە مێژووەکەی بۆ نۆ هەزار و ٣٠٠ تا ١١ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...