هه‌واڵ
ئاراستەکان

گومان دەکرێت کوژانەوە گشتییەکەی کارەبا بە ئەنقەست بووبێت

زێدپرێس

 

هەرچەند وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە، کوژانەوە گشتییەکەی کۆتایی مانگی ڕابردوو بەهۆکاری تەکنیکی بووە، بەڵام گومان دەکرێت حاڵەتەکە بەئەنقەست و زیاتر سیاسی بووبێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕۆژی ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، کوژانەوەی گشتی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ڕوویدا.

بۆ ڕۆژی دواتر، وەزارەتی کارەبا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەیدا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەم، بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، تەواوی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی کوردستان كوژانەوە و تیمەکانی وەزارەتی كارەبا دەمودەست کێشەکەیان چارەسەر كرد، بەڵام کاتژمێر (١:٠٠)ی شەو بۆ جاری دووەم كوژانەوەی گشتی ڕوویدا.

تا گەڕانەوەی کارەبای نیشتمانی، لانیکەم ١٢ کاتژمێر کارەبا لە هەرێمی کوردستان بڕا، ئەوەش یەکەمجار بوو لەماوەی ٢٠١٧ەوە حاڵەتی کوژانەوەی گشتی لە هەرێمی کوردستان ڕووبدات.

هەرچەند لە سەرەتاوە وەزارەتەکە ڕایگەیاند، هۆکاری کوژانەوە گشتییەکە “تەکنیکی” بووە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی کارەبا کە قسەی بۆ زێدپرێس کرد، لەلایەن وەزیری کارەباوە لێژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کوژانەوەی گشتی کارەبا پێکهێنراوە و چاوەڕوانی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە دەکرێت.

بۆ ساخکردنەوەی هۆکاری کوژانەوە گشتییەکە، زێدپرێس پەیوەندی بە چەند بەڕێوەبەرێکی کارەبا لە سنوری پارێزگای هەولێرەوە کرد، هۆکاری کوژانەوە گشتییەکە بۆ هیچ کامێکیان ڕوون نەبوو، ئەوان باسیان لەوە دەکرد، کە سیستەمی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵکراوە و حاڵەتی کوژانەوەی گشتی ئاسایی نییە. حاڵەتەکە لەکاتێکدا ڕوودەدات، کە وزە و بارگرانییەکی زیاتر بخرێتە سەر ناوەندەکانی دابەشکردن، بەڵام پڕۆسەی پێدانی بڕی کارەبا بە بەرنامە و لێکدانەوەی ورد بەڕێوەدەچێت، چونکە ئەگەر حیسابی توانای یەکەکانی دابەشکردن و بەکارهێنان نەکرێت، واتە بڕێکی زیاتری کارەبا بخرێتە سەر یەکەکانی دابەشکردن و بەکارهێنان، کە لە توانای دیاریکراو زیاتر بێت، لەو حاڵەتەدا کوژانەوەی گشتی ڕوودەدات.

زیاتر لە بەڕێوەبەرێکی کارەبا، گومانیان لەسەر ئەوە بوو، کە کوژانەوە گشتییەکە حاڵەتێکی بەئەنقەست و مەرامی سیاسی لە پشتەوە بێت، وەک درووستکردنی گوشارێک لەسەر حکوومەتی هەرێم.

بەهۆی ئەوەی سیستەم و تۆڕی کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەیەکەوە بەستراوەتەوە، لە هەر شار و ناوچەیەک کێشەیەک ڕووبدات، کاریگەری لەسەر تەواوی سیستەمی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دادەنێت و هەر ئەوەش وا دەکات کە کوژانەوەی گشتی ڕووبدات.

ئەوەی ڕوونە، پڕۆسەی دابەشکردن و پێدانی وزەی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا، بەتەواوەتی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و یەکەکانی کۆنتڕۆڵ بە لێکدانەوەی وردەوە و بەگوێرەی توانا و بڕی بەرهەمی کارەبا، وزەی دیاریکراو بەسەر هێڵەکانی دابەشکردن و بەکارهێنان دابەش دەکەن، هەر ئەوەش وا دەکات بڕی کارەبای دابەشکراو زیاتر نەبێت لە بڕی بەرهەمەکە و بەوەش ڕێگری لە کوژانەوەی گشتی دەکرێت.

 

وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا

لە هەرێمی کوردستاندا ١٣ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە، کە بە گاز، دیزڵ، نەوتی ڕەش و ئاو کاردەکەن.

وێستگەکانی دهۆک، هەولێر، چەمچەماڵ، خورمەلە و بازیان، پێنج وێستگەی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان پێکدێنن. ئەو وێستگانە بە گاز ئیش دەکەن و توانای بەرهەمهێنانیان ٥٥٠٠ مێگاواتە.

سێ وێستگەی دیکە لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی، کە بە دیزڵ کاردەکەن و توانای بەرهەمهێنانی هەریەکێکیان ٢٩ مێگاواتە. هەرچی وێستگەکانی وەک تاسلۆجە، باعەدرێ و خەبات، بەسەریەکەوە توانای بەرهەمهێنانیان ٥٠١ مێگاواتی کارەبایە و بە نەوتی ڕەش کاردەکەن. هەروەها تەنیا دوو وێستگەی بەرهەمهێنەری کارەبا کە وێستگەکانی دوکان و دەربەندیخانە، بە ئاو کار دەکەن و توانای بەرهەمهێنانیان بەیەکەوە دەگاتە ٦٤٩ مێگاوات.

بەو جۆرە، بەسەریەکەوە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا، توانای بەرهەمهێنانی ٦ هەزار و ٧٣٧ مێگاوات کارەبایان هەیە.

بەڕێژەی ٨١.٦٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان بە وزەی گاز بەرهەم دێت، لە پلەی دووەمیشدا ڕێژەی ٩.٦٣٪ی کارەبای هەرێم بە ئاو بەرهەم دێت. هەرچی نەوتی ڕەشە، بەڕێژەی ٧.٤٤٪ی کارەبای هەرێم لەڕێگەی بەکارهێنانی نەوتی ڕەش و پاشان ڕێژەی ١.٢٩٪ی کارەبا بە دیزڵ بەرهەم دەهێنرێت.

 

 

بڕی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان

هەرچەند وێستگەکانی کارەبا توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی ٧ هەزار مێگاواتیان هەیە، بەڵام بەهۆی دابین نەکردنی سووتەمەنی و وزەی پێویستەوە، کۆی یەکەکانی بەرهەمهێنان بەگەڕناخرێن، لەبەرئەوە لەمانگەکانی ڕابردوودا، بەگشتی لە نێوان چوار هەزار و ٢٠٠ تا چوار هەزار و ٣٠٠ مێگاوات بەرهەمهێنراوە، لەکاتێکدا خواست لەسەر کارەبا، لە نزمترین دۆخدا لە نێوان پێنج هەزار تا پێنج هەزار و ٥٠٠ مێگاوات بووە.

بەهۆی ئەوەی حکوومەتی هەرێم کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان ناکڕێت، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە خاوەنداریەتی دەکرێن، لەبەرئەوە ئەوان بڕێک کارەبای بەرهەمهێنراو بە حکوومەتی عێراق دەفرۆشن بەمەبەستی دابینکردنی کارەبای مووسڵ و سەڵاحەددین.

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵەدا، ئاسایی خواست لەسەر کارەبا زیاتر هەڵدەکشێت، بەڵام لە بەرانبەردا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا کەمتر بووەتەوە و بەوەش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی زۆر کەمتر بوون.

لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، کۆبوونەوەیەک لە نێوان وەزارەتی کارەبا و دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگای هەولێر سازکرا، لە کۆبوونەوەکەدا “باس لە بارگرانیی سەر کارەبا کرا، کە خواست لەسەر کارەبا شەش هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا ئێستا بەرهەمهێنان تەنیا سێ هەزار مێگاواتە و زیادکردنی بەرهەمیش پێویستی بە سووتەمەنی و بودجە هەیە”، ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە وا دەڵێ.

لە چەند ڕۆژی دواتردا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمتربوویەوە و وەزارەتەکە لە ٥ی کانوونی یەکەمدا ئاشکرای کرد “ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا دوو هەزار و ٨٠٠ مێگاواتە”.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە کار بۆ گەڕاندنەوەی دوو یەکەی وێستگەی هەڵمیی خەبات دەکات و تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی کارەبا دەگەڕێتەوە و بەوەش تا ئاستێک دۆخی کارەبا باشتر دەبێت.

وەزارەتی کارەبا، هەروەها باس لەوە دەکات، کە بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی سەرما و سۆڵەوە، خواست لەسەر کارەبا بۆ شەش هەزار مێگاوات هەڵکشاوە و ماوەکانی پێدانی کارەبا کەم بووەتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...