هه‌واڵ

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: قوربانییەکان هەوڵی خۆدەربازکردنیان نەداوە

زێدپرێس

 

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایدەگەیەنێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆری قوربانی لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران ئەوەیە کە قوربانییەکان هەوڵی خۆدەربازکردنیان نەداوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ شەممە، ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند، هەر لەکاتی درووستبوونی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە باڵەخانەیەکی سۆران، تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی تەندروستی گەیشتنە شوینی مەبەست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕووداوەکە و “لەکاتی ڕووداوەکەش لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدا سەرۆکی حکوومەت ئێمەی ڕاسپیارد کە ڕاستەوخۆ لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت بۆ دەرخستنی هۆکاری ڕووداوەکە و لەوەش گرنگتر کار لەسەر ئەوە بکرێت، کە بۆچی ژمارەی قوربانییان زۆر بووە”.

ڕوونیکردەوە، “ئەمڕۆ لێژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی ناوخۆ سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کردووە، ئێمەش لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ئامادەبوونی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەمان کردووە، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێک بۆ ئیدارەی سۆران بکەین، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کارەساتەی کە دوێنێ ڕوویداوە، کە ئایا کەمتەرخەمی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان هەبووە و ئەگەر کەمتەرخەمی هەبووە، هۆکارەکانی چی بوون و چۆن بتوانین کاری لەسەر بکەین، بۆ ئەوەی لە داهاتوو باشتر ڕووبەڕووی ئەو جۆرە ڕووداوانە ببینەوە”.

شەوی ڕابردوو، ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ئاگر لە باڵەخانەیەکی سۆران کەوتەوە و بەوهۆیەوە ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسیش برینداربوون. ڕووداوەکە بەجۆرێک بوو کە زۆرینەی ئەو کەسانەی لەناو باڵەخانەکە بوون گیانیان لەدەستدا، لەکاتێکدا باڵەخانەکە ١٢ یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت و بەهۆی ئەوەی ڕووداوەکە لە ڕۆژی هەینی بووە، ژمارەیەک لە نیشتەجێبووانی باڵەخانەکە، لەکاتی ڕووداوەکە لە دەرەوەی باڵەخانەکە بوون و ئەوەش ژمارەی قوربانییانی کەمتر کردووەتەوە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەیدا، “لە کۆبوونەوەکەدا زۆر بە ڕاشکاوانە گفتوگۆمان کردووە، بە لێژنەکەم ڕاگەیاندووە کە دەستکراوەبن لە لێکۆڵینەوەدا و هەر لایەنێک کەمتەرخەم بووبێت، دەبێت بەڕوون و ئاشکرای کەمتەرخەمییەکان بخرێنەڕوو، بۆ ئەوەی بە جددی کاریان لەسەر بکرێت”.

هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەبارەی هۆکارەکانی ڕووداوەکە، باسی لەوە کرد کە “زۆر هۆکار هەن” و بەتایبەت هەڵوەستەی ئەوان لەسەر ژمارەی زۆری قوربانییەکانە و بەدیاریکراوی گوتی “ڕووداوەکە درووست بوو، بەڵام بۆچی ژمارەی قوربانییان زۆر بووە، هۆکارەکان زۆرن و نامەوێ بچمە ناو هەموو وردەکارییەکان، بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بابەتی هۆشیاری خەڵکە لەکاتی ئەو ڕووداوانەدا، کە چۆن بتوانن ئەو باڵەخانانە چۆڵ بکەن”.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەتایبەت بەرپرسیارێتی هەبوونی قوربانییەکی زۆری ڕووداوەکەی بۆ خودی قوربانییەکان گێڕایەوە و گوتی “پرسیاری زۆر هەیە، کە لەکاتی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەدا هاووڵاتییەکان لە ژوورەوە بوون و ئاگرەکە لە نهۆمی یەکەمەوە درووستبووە و زۆر ڕێگا هەبووە، باڵەخانەکە پەیژەی چوونە دەرەوەی هەبووە لە دواوە، بۆچی ئەو پەیژانەیان بەکارنەهێناوە و بۆ نەچوونەتە سەربان و زۆر پرسیار هەیە ئێستا لای ئێمەش ڕوون نییە کە وەکوو پێویست نەیانتوانیوە خۆیان دەرباز بکەن؟ ئەوە پرسیارێکە کە بە جددی ئیشی لەسەر دەکەین و بۆ ڕای گشتیشی دەخەینەڕوو”.

ئەو، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدام زیاتر سەرنجی لەسەر قوربانییەکان و دانیشتووانی باڵەخانەکە چڕ کردەوە و گوتی “بۆ ئەوەی لە داهاتوودا، کە حاڵەتی لەو شێوەیە درووست دەێت، هاووڵاتییان بتوانن باڵەخانەکانیان چۆڵ بکەن. هەموو ئەو هۆکارانەی باسمان کرد، گفتوگۆی تێروتەسەلمان لەسەر کردووە و هەموو هۆکارەکانیش بۆ خەڵک دەخەینەڕوو. بۆ ئەوەی هاووڵاتییان زیاتر هۆشیاربن لە داهاتوو و هەمیش تیمەکانی بەرگری شارستانی باشتر کارەکانی خۆیان بکەن”.

هەڵگورد شێخ نەجیب، باسی لەوەش کرد، وەکوو ئیدارەی سۆران دەست بە ڕێکارەکان دەکەن و بەدواداچوون بۆ هەموو باڵەخانەکانی سنورەکە دەکەن، کە لەلایەن قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگاکانەوە بەکرێگیراون.

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەشیدا، جارێکی دیکە سەرنجی خستەوە سەر خەڵک و قوربانییەکان و گوتی “زۆرجار هەموو پێداویستییەکانی بەرگری شارستانی لەناو باڵەخانەکە هەن، بەڵام خەڵکەکە ناتوانن یان شارەزاییان نییە لە بەکارهێنانی ئامێرەکان، بەنموونە ئاگرکوژێنەوە هەیە و نازانن بەکاری بهێنن یان پەیژەی دەرچوون هەیە و لەوانەیە زانیاریان نەبێت پەیژەکە لە کوێیە”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...