هه‌واڵ

بافڵ جەلال تاڵەبانی: قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە

زێدپرێس

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە ھەوڵ بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم و بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک بدەین.

ئەمڕۆ هەینی ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بۆ کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “یەکێتی بە دیدگا و ستراتیژێکی بەھێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش ھەموومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێکەوەژیان و ھاوبەشیی راستەقینە”.

هەروەها دەڵێ “ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو ڕێگەیەوە ھەوڵ بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم، بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەش داوە “جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەھەر شوێنێکی جیھان بێت”.

 

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:

 

ھەڤاڵە سەربەرزەکانم

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر لە رابردوودا لەڕێگەی شۆڕشی چەکداری و بەخشینی زیاتر لە ٢٦ ھەزار شەھید بە خاکی کوردستان خەباتی کردبێت، ئەمڕۆ بە پابەندبوون بە پێداویستییەکانی خەڵک و تێگەیشتن لە دۆخەکە، پێمانوایە باشترین رێگای خەبات بریتییە لە خەباتی سیاسی لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بونیادنانی داھاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر.یەکێتی بە دیدگا و ستراتیژێکی بەھێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش ھەموومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێکەوەژیان و ھاوبەشیی راستەقینە. ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە ھەوڵ بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم، بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین.

ھەروەھا جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەھەرشوێنێکی جیھان بێت.

 

خوشک و براکانم

ھەموومان پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی خەباتی رێکخراوەییمان ھەنگاودەنێین و کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەھێزتربوونی یەکێتییەکەمان ساز دەکەین، دڵنیام بە پشتیوانیی خودا و دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەرکەوتوو دەبین و مژدەی یەکێتییەکی پتەوتر بە خەڵکی کوردستان دەدەین. دەمەوێت لای ئێوەی خۆشەویست و ھەموو خەڵکی کوردستان روونبێت، ئێمە بڕوای تەواومان بە نوێگەری و نوێبوونەوە ھەیە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان ھەنگاودەنێین و خۆمان نوێ دەکەینەوە، ئەمەش راستییەکی مێژووییە و ھەمیشە خوێنێکی نوێ بە دەمارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەگەڕێت.

 

خۆشەویستان

مێژوو سەلماندوویەتی یەکێتی سەنگەری پتەوی کوردایەتی و قەڵای بەرزی خۆڕاگرییە، مێژووی خەباتمان ھێندە زێڕینە کە ھیچ ھێزێک لە خۆمان بە دڵسۆزتر بۆ کوردستان نازانین. ئەمڕۆش ھێز و کاریگەریی یەکێتی لە ھەرێم و ناوەندی فیدراڵ لای ھەمووان روونە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشمان لە ئاستێکی باڵادایە، ئاشکراشە بەھێزیی یەکێتی واتە بەھێزیی ھەرێم و عیراق. بۆیە دەبێت ھەموو ھەڤاڵێکمان ئەوەی لەیادبێت کە یەکێتیبوون بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نیشتمانی و ئەخلاقییە. دەبێت ھەموو ھەوڵ و ھەنگاوێکتان ھاوتابێت لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی و ئامانجەکەتان خزمەتکردنی کورد و کوردستان بێت.

 

کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر

ئێوە زۆرتان بەخشی بە کوردستان و یەکێتییەکەتان، دەزانین دڵسۆزی و خۆڕاگریی ئێوەی تێکۆشەر بوو یەکێتی گەیاندە ئەم حزبە گەورە و کاریگەرەی کوردستان و ناوچەکە. دڵنیاتان دەکەم و بەڵێنتان پێدەدەم یەکێتی ھەمان ئەو یەکێتییە دەبێت کە ئێوە قوربانیتان لەپێناودا و لەبەرامبەر ھەوڵ و خۆڕاگریتان وەفادار دەبێت. دڵنیابن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمانەتی سەرۆک مام جەلال و ئێوەیە و وەک رۆحمان دەیپارێزین.

 

ھەڤاڵان

ئەوانەی یەکێتیتان لە دڵتاندا ھەڵگرتووە و بەھیواوە بەرەو داھاتوویەکی گەشتر دەڕوانن، پێکەوە بە یەک رۆحیەت و یەک ئامانج بەرەو کۆنگرەی پێنج.. بەرەو یەکێتییەکی بەھێزتر و نوێگەر ھەنگاو دەنێین و مێژوویەکی درەوشاوە و پڕ لە شانازی بۆ حزبی شەھیدان دەنووسینەوە.

 

شاد و سەرفرازبن

 

برا و دڵسۆزتان

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...