هه‌واڵ

ڕاگەیەنداوێکی هاوبەش لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە

زێدپرێس

 

پێکهاتەکانی تورکمان، کلدانی سریانی و ئاشووری و ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنن، بە هەموو شێوەیەک دژی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەستکاریکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان و دابەشکردنی بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن دەوەستنەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، کە کۆمەڵێک لە حزب و لایەنەکانی سەر بە پێکهاتەکانی تورکمان، کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان ئیمزایان کردووە و ئاڕاستەی ڕای گشتی ناوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتی کراوە، ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەوان وەک پێکهاتەکانی تورکمان و کلدان و سریانی و ئاشووری و ئەرمەنی (مەسیحی)، لە کۆنەوە بە ئاشتی و سەلامەتی و برایەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە دەژین و سوود لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و مافەکانی دیکە دەبینین و بەشداریان کردووە لە بنیاتنانی هەرێم و دامەزراوەکانیدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەندێک لایەنی سیاسی هەوڵ دەدەن لە ئاوی لێڵ ڕاو بکەن و “مافەکانمان تێکبدەن و ئەوە لەناو ببەن کە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا بنیاتمان ناوە، لەپێناو ئامانجە سیاسییە تەسکەکانیان کە خزمەت بە ئەجێندای ئەم حزبانە دەکات بە بەکارهێنانی کورسییەکانمان وەک پێکهاتەیەکی نیشتمانی” و لەو چوارچێوەیەشدا باس لە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە دەکەن کە لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر چەند ماددەیەکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە.

سکاڵاکە لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و بەتایبەت داوا لە دادگای فیدڕاڵی دەکات، کە بڕیار لەسەر نادەستوورییبوونی چەند ماددەیەک لە یاساکە بدات، کە پێوەستن بە شێوازی هەڵبژاردن-یەک بازنەیی و هەروەها کورسی کۆتای تورکمان و ئەرمەن، کە لە هەموارکردنەوەی یاسا بنەڕەتییەکەی ساڵی ١٩٩٢دا زیادکراون.

پێکهاتەکان لەو ڕاگەیەندراوەدا، باس لەو هەوڵە دەکەن کە بۆ دابەشکردنی کورسی کۆتا بەگوێرەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی هەیە و پێیان وایە، ئەو هەوڵە بە مانای بەفیڕۆدانی دەنگی دەنگدەرانە لەو ناوچانەی کە زۆرینەی هاووڵاتییانی پێکهاتەکان چڕی دانیشتووان پێکدەهێنن، لەکاتێکدا دابەشبوونی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکاندا یەکسان نییە و بەڕێژەی ٩٩٪ی تورکمان و کلدان و سریان و ئاشووری و ئەرمەن لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نیشتەجێن.

پێکهاتەکان لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، کە پێویستە هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت و کورسی کۆتای پێکهاتەکان وەک خۆی بمێنێتەوە و هەروەها ئیدانەی ئەو هەوڵەیش دەکەن کە خۆی لە هەوڵدان بۆ بەنادەستووریی ناساندنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبینێتەوە.

پێکهاتەکان هۆشداری لەوەش دەدەن، کە بە هەموو توانایەوە دژی ئەو هەوڵە دەوەستنەوە و هەموو بژاردە مەدەنی و دیموکراتییەکان لە خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنی و بایکۆتکردن و کشانەوەی نوێنەرانییان لە پڕۆسەی سیاسی لەبەردەگرن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، داوا لە دادگای باڵای فیدڕاڵی دەکەن، یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بپارێزێت، لەوەی پێوەستە بە یەک بازنەیی هەڵبژاردن، بەبێ دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن یان پارێزگاکان.  هەروەها داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن پشتیوانی لە بوون و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان و کەمایەتییەکان بکەن و دەستێوەردان بکەن بۆ پاراستنی مافەکانیان و کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییانەی لە دژییان ئەنجام دەدرێت و وەک دەڵێن “دەبێتە هۆی شەپۆلێکی دیکەی کۆچکردنی ڕۆڵەکانی پێکهاتەکان، دوای ئەوەی هیوایان بە دادپەروەری لە خاکی دایکیان لەدەستدەدەن”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...