هەمواری یاسای بودجە ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت
زێدپرێس
د. نەرمین مەعرووف ئەندامی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داھاتوودا پڕۆژەی ھەمواری یاسای بودجەی گشتی عێراق ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت و بەپێی ھەموارەکەش پرسی مووچە لە خەرجی کرداری جیادەکرێتەوە و دەخرێتەسەر بودجەی حاکیمە.
بەگوتەی ئەندامەکەی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرنای عێراق، داوا لە حکوومەتی ھەرێم کراوە داتا و ژمارەی مووچەخۆران ڕادەستی عێراق بکات بۆ ئەوەی کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و پرسی مووچە لە خەرجی کرداری جیابکرێتەوە.
د. نەرمین مەعرووف دەڵێت، “چاوەڕوان دەکرێت تا ھەمواری یاسای بودجەکە پەسەند دەکرێت، حکوومەتی عێراق بڕەپارەیەکی دی وەکوو قەرز ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ دابەشکردنی مووچە”.
ئەو لێدوانە لەکاتێکدایە، کە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، شاندی حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە و بەگوتەی پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم، ئامانجی سەردانەکە، گفتوگۆکردنە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پێوەست بە دۆسیەی نەوت و گاز، پرسی بودجە و یەکلاکردنەوەی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، هەرچی داتا و ژمارەی پێوەست بە ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچە و داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانە، بۆ لایەنی عێراقی و بەدیاریکراوی دیوانی چاودێری دارایی عێراق خراوەتەڕوو، بەڵام بەغدا بەپاساوی ناڕەوا ئاستەنگ بۆ ناردنی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆران درووست دەکات.