هه‌واڵ

پارێزگای هەولێر: نان بۆ خەڵک و ئارد و گاز بۆ نانەواخانەکان هەرزان دەکرێت

زێدپرێس

 

پارێزگای هەولێر دووپات لە جێبەجێکردنی بڕیاری دابەزاندنی نرخی نان و سەموون دەکاتەوە و لە بەرانبەریشدا ئارد و گاز بە نرخی کەمتر بە نانەواخانەکان دەدرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ دووشەم ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ بڕیارى دابەزاندنى نرخى نان لە سەموونخانە و نانەواخانەکان بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى بڕیارەکە و پابەندکردنى سەرجەم سەموونخان و نانەواخانەکان، ڕۆژى یەکشەم ٧ی کانوونی دووەم، لە قایمقامیەتى ناوەندى هەولێر بە سەرپەرشتى قایمقام و ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى هەرێم و بەڕێوەبەرى چاودێرى دارایی هەولێر و نوێنەرى سەندیکاى کرێکاران و ئەنجوومەنى نانەواخانە و خاوەنى بەشێک لە سەموونخانە و نانەواخانەکان کە نوێنەرایەتى نزیکەی هەزار و ٨٠٠ نانەواخانە و سەموونخانەى شارى هەولێریان دەکرد کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە.

پارێزگای هەولێر ڕوونیکردووەتەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا وەک پاڵپشتى و هاوکارییەک بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان، لەمەودوا نرخى هەر لیترێک گاز ٥٠٪ داشکاندنى بۆ بکرێت و لەڕێگەى لێژنەیەکەوە کە لە قایمقامیەت و چاودێرى بازرگانى و نوێنەرى خاوەن نانەواخانەکان پێکهاتووە، بەپێى پێویست ڕۆژانە بە زیادەوە بە بڕى (٣٠٠ دینار) بۆ هەر لیترێک گازیان بۆ دابین بکرێت، کە بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پێشتر خۆیان هەر لیرتێک گازیان بە (٦٠٠ دینار) کڕیوە.

ڕاگەیەندراوەکە، دووپات دەکاتەوە لە “دابینکردنى ئارد بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان بە نرخى (٣٠ هەزار دینار) بۆ هەر فەردەیەک و لەگەڵ کڕینى هەر تۆنێک ئارد فەردەیەک ئاردیان بە خۆڕایى پێبدرێت و لەپێدانى کارەباش پاڵپشتیان بکرێت”.

زیاتر دەڵێ “هەر ئەمڕۆ تەواوى ئەم بڕیارانە چوونە بوارى جێبەجێکردنەوە و هەموو لایەکیش ڕەزامەندى و پابەندبوونى خۆیان بە بڕیارەکە ڕاگەیاندووە، لە هەولێر نرخى هەر (١٠) نان و سەموونێک بە هەزار دینار بێت”.

پارێزگای هەولێر هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، ئاماژەی بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی ژمارەیەک لە خاوەن سەموونخانە و نانەواخانەکانی هەولێر کردووە، کە وەک ناڕەزایەتی بەرانبەر بڕیاری دابەزاندنی نرخی نان و سەموون ئەنجامیاندا و لەو ڕووەوە دەڵێ “ئەوەى ئەمڕۆش ڕوویدا، کە هەندێک کەس بەناوى خاوەن سەموونخانە و نانەواخانە گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان ئەنجامدا لە بەرانبەر بریارەکە، جگە لە مەرام و مەبەست بۆ شێواندنى بارودۆخەکە هیچی تر نەبوو”.

زیاتر دەڵێ “هەندێک لەوانەى لە نێو گردبوونەوەکەدا بوون بە دوور و نزیک پەیوەندیان بە سەموونخانە و نانەواخانەکان نەبووە و ئاگادارى ئەو بڕیار و پاڵپشتى و هاوکاریانەش نەبوونە کە بۆ خاوەن سەموونخانە و نانەواخانەکان کراوە”.

پارێزگای هەولێر لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە “هەر سەموونخانە و نانەواخانەیەک پابەندى بڕیارەکە نەبێت ڕووبەڕووى ڕێکارى یاسایی دەبێتەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...